لێخوڕینی ئۆتومبێل بەبئ بوونی مۆڵەتی یاسایی

یاساناس/پشتیوان ڕزگار پیرۆمەری

یەکێک لەو گرفتانەی کە لەنێوکۆمەڵگادا بەرچاوئەکەوێت لێخوڕینی ئۆتومبێلە لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگا بەبئ بوونی مۆڵەتی یاسایی کە ڕەنگە زۆربەشیان تەمەنی یاساییان تەواو نەکردبئ, تەنانەت ئەمە یەکێکیشە لەو بابەتە ئەساسانەی کە بەشی زۆری خەڵکی بێ ئاگان لەوەی کە ئەمە لەڕوانگەی یاسا بە تاوان دائەنرێت کەئەمەش یا دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی وشیاری یاسایی لەلای تاکەکان یانیش ئەگەڕێتەوە بۆ بئ باکیان بەیاساکانی وڵات,ھەڵبەتە لێخوڕینی ئوتومبێل بەبئ مۆڵەت تاوانێکی بەردەوامە کەبەھۆیەوە کەسی شوفێر لە ھەر شوێنئ دەرکەوت کەوا بئ مۆڵەت(اجازە) شوفێری ئەکات ئەوا کەسەکە بەپێی یاسا دەستگیر ئەکرێت, وەک تۆمەتبارێک رووبەرووی دادگا ئەکریتەوە, بەپێی ماددەی ٢١ لەیاسای ھاتووچۆ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا ئەکرێت بەجۆرێک ھەروەک لە بڕگە (١)ی ئەم ماددەیەدا ھاتووە و دەڵی (ھەر کەسێک بەبئ بوونی مۆڵەتی یاسایی ئوتومبێل لێبخورێت ئەوا سزا ئەدرێت بە حبس کردن بۆ ماوەیەک کە لە مانگێک کەمتر نەبێت و لە شەش مانگیش زیاتر نەبێت).

تەنانەت یاسا ھەر بەوەشەوە نەوەستاوە لەبڕگەی دووەمی ئەم ماددەیەدا سزای بۆ ئەو کەسەش دیاری کردووە کە ئوتومبێلەکەی ئەداتە دەست کەسێک بۆ لێخوڕین کە ئەو کەسە مۆلەتی یاسایی نییە ئەم حاڵەتەش بەزۆری لەلایەن باوکان یاخود براکان یاخود ھاورێکانەوە ڕووئەدات,بەجۆرئ کاتێک باوک ڵەگەڵ ئەوەی ئەزانئ کوڕەکەی بئ مۆڵەتە و کەڕەنگە نەگەیشبێتە تەمەنی دیاری کراوی یاسایی کەچی گوئ بەوە نادا و ئوتومبێلەکەی ئەداتە دەست کەدواجار ڕەنگە خەڵکیتریش بەھۆیەوە گیرۆدەی ڕووداوی ھاتووچۆ ببن و زیانیان پێبگات,جا ھەروەک لەبڕگەی دووەمی ماددەکەدا ھاتووە و ئەلێ (گەر بێت و کەسی شوفێر رێگە بدات بەکەسێک بەلێخورینی ئوتومبێلەکەی لەکاتێکدا دەزانیت ئەو کەسە مۆلەتی یاسایی لێخورینی نییە ئەوا کەسی خاوەن ئوتومبێل سزا ئەدرێت بە حبس کردن بۆ ماوەیەک کە لەمانگێک کەمتر نەبیتَ و لە شەش مانگ زیاتر نەبێت یانیش غرامە ئەکرێت بەبڕێک کەلە سەد ھەزار دینار کەمتر نەبێت و لە سەد و پەنجا ھەزار دیناریش زیار نەبێت یاخود بەھەردوو سزاکە سزا ئەدرێت).

جاھەڵبەتە ئامانجی یاسا لێرەدا پاراستنی تاکەکانی نێو کۆمەڵگایە لەمەترسی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ کە بەھۆیەوە چەندین کەس ڕۆژانە ئەبنە قوربانی و کەتائیستاشی لەگەڵدا بێت کارەساتی ئوتومبێل لەجیھاندا بەمەترسیدارترین و دڵتەزێنترین کارەسات دائەنرێت.

ماوەتەوە بڵێم لێخوڕینی ئۆتومبێل بەبئ مۆڵەتی یاسایی تاوانێکە بەھۆیەوە کەسەکە وەک تۆمەتبارێک سەیر ئەکرێت و بەپێی یاسای ھاتووچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی ھەموارکراو,ئیجرائاتی یاسایی ڵەگەڵدا ئەکرێت کەئەمەش شوێنەوارێکی ترسناک لەسەر داھاتووی کەسەکە جێدێلێت بەوەی چونکە ھەرکات کەسەکە لەلایەن دادگاوە بڕیاری یاسایی بەسەردا سەپێنرا ئەوا لەڕوانگەی یاساوە لەتۆمەتبارە ئەبێت بەتاوانبار بەمەش ئەم حوکمەی دادگا ئەبێتە سابیقەیەکی یاسایی بەسەر داڕۆژی ئەو کەسە,جا گەر بێت و لەداھاتووداھەر تاوانیکیتر ئەنجامبدات ئەوا یاسا وەک کەسێکی ترسناک بەسەر کۆمەڵگاوە سەیری ئەکات بەمەش کەسەکە بئ بەش ئەبێت لە حەێانەی یاسایی کە تخفیف کردنی سزاکەیەتی بەپێی بارودۆخی تایبەت بەژیان و کەسایەتی خۆی کەلەدواڕۆژدا دادگا ئەمانە لەبەرچاوناگرێت بەھۆی بوونی سابیقەی یاسایی پێشووی,جا بۆیە زەڕوورە خەڵکی بەمەترسی ئەم تاوانە ئاگاداربن و بەبئ بوونی مۆڵەت شوفێری لێخووِرینی ئوتومبێل نەکەن یاخود ئۆتۆمبێلەکانیان نەدەنە دەست ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی لێخوڕرینیان نییە,بەپێویستیشی ئەزانم کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆ ھاورکار بن بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی زانیاری یاسایی پێویست بەئامانجی وشیارکردنەوەی تاکەکان و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لەھەرێمی کوردستاندا.

سەرچاوە/یاسای ھاتووچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی ھەموارکراو.