پاریسی خوێناوی

نووسینی : بورھان شێخ رەئوف

ئەگەرچی ئەمە جاری یەکەم نیە فەرەنسا بکەوێتە بەر شاڵاوی تیرۆرستی لەم جۆرە ھەروەکو ھەمووان ئاکادارین لە سەرەتای ئەمساڵەوە واتە ٢٠١٥ فەرەنسا بەر سێ کردەوەی تیرۆریستی تر کەوت لە دوای ڕووداوی شارلی ئیبیدۆ ەوە بەڵام ئەو کردەوانەی پێشوو زیانیان کەمتر بوو بە بەراورد لەم کردەوە تیرۆریستیە سامناکەی ئێستا کە پاریسی خوێناوی کرد و بە بەھێزترین و دڕندانەترین کردەوەی تیرۆریستی دێتە ئەژماردن لە چل ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپادا .

ھەروەھا لە تەقینەوەکانی مەدریدی ساڵی ٢٠٠٤ یش خوێناوی دڕندانەتر بوو .

ئەگەر تەقینەوەکانی ١١ سیبتەمبەر ٢٠٠١ ئەمریکاو ھەموو جیھانی ڕاچەڵەکاند و جۆرج بۆشی کوڕ سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا وتی ئەمە شەڕی خاچپەرستیە و ھەر لەو چرکەوە وەخۆیان کەوتن و لە ماوەیەکی کورتدا پەلاماری ئەفغانستان یان دا کە ئەوکات بنکەو بارەگاکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لەوێ بوون و ئەو وڵاتەیان داگیرکرد بستێک خاکیان نەھێشتەوە ئەو ڕێکخراوە بە ئازادی جووڵەی تێدا بکات .

ئەوا ئەمڕۆش دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام وا بۆ دووساڵ دەچێت بەشێکی زۆری خاکی عێراق و سوریایان داگیر کردووەو فەرمانڕەوایی تێدا دەکەن و چەندین بیری نەوت و سەرچاوەی دارایی گرنگیان لە ژێر چنگدایە بە بەرچاوی ھەموو دنیاوە و ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەو جیھانیش دەکەن وا شەوی ڕابردوو ١٤ /١١/٢٠١٥ لە کردەوەیەکی جۆری جیاواز لە لەوانەی پێشوو لە حەوت شوێنی جیاوازی پاریسی پایتەختی فەرەنسادا شاڵاوێکی دڕندانەو خوێناوی ئەنجام بدەن کە ١٢٩ کەس کوژراو ٣٥٢ کەسیش برینداربوون .

ئیستا ئیتر لە دوای ئەو پەلامارە ئەوروپیەکان بە گشتی ھەر لە ڕووسیاوە تا وەکو بەریتانیا ھەموو بە خەبەر ھاتنەوە و ڕاچەڵەکین وا داعش لە شەقامەکانی ڕقەوە مووسڵەوە کردەوە تیرۆریستیەکانی گواستەوە بۆ پاریس و ناوجەرگەی ئەوروپا .

ئیستا ئیتر دەبێت ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکانیش ئەو ڕاستیە باش بزانن کە بەو جۆرە ی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا پەیڕەویان کردووە بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆرو داعش ھەموو شتێک نیەو بەس نیە بۆ لەناوبردنی ئەو ڕەوتە توندڕەوو دڕندانە .

بەڵکو دەخوازێت ھاوپەیمانیەتیەکی زۆر بەھێزو توانا پێکبھێنرێت لە سەر ئاستی جیھان و بە ھاوبەشی ھەموو بوارەکانی سەربازی زەمینی و ئاسمانی بە ھەماھەنگی ھەواڵگری و دواتر چاکسازی لە ڕژێمەکانی بەڕێوەبردنی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە دا بکرێت کە سەرچاوەی ھەموو قەیرانەکانە .