ئازاد کردنەوەی شەنگال, خەنجەری ژەھراوی لە پشتی داعش دا

ھەڵوێست میرانی

ئاڵۆزیەکانی چوار ساڵی رابردووی سوریا بووە ھۆی لە دایک بوون و گەشەکردنی چەندین گرووپی تیرۆریستی توندڕەو, ئەو گرووپانە بە سوود وەرگرتن لە ناکۆکی و ئاڵۆزیەکانی سوریا توانیان پێگەی خۆیان قایم بکەن و ناوچەیەکی فراوان لە خاکی سوریا بخەنە ژێر رکێف ودەسەڵاتی خۆیان, ئەگەر چی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق دامەزرا بەڵام توانی سوود لە دۆخی ئاڵۆزی سوریا ببینێ وزۆرترین چەکدار و گرووپە توندڕەوە جیھادیەکان لە ژێر ناوی خەلافەتی ئیسلامی کۆبکاتەوە وحوکمی چەند شار و ناوچەیەکی فراوان لە سوریا بکات,ناسەقامگیری دۆخی ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق لە سەردەمی حوکمی سەرۆک وەزیرانی پێشوو نوری مالیکی بەھێزبوون و ھەڵسانەوەی شانە نوستووەکانی داعشی لە عیرَاق بەدوای خۆیدا ھێنا, ئەو بەھێزبوونەش بووە کۆنترۆڵ کردنی شارەکانی موێل و تکریت وبەشێکی فراوان لە ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق لە لایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤, کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچانە داعشی کردە خاوەنی پێشکەوتووترین جۆری چەک لە عێراق و سوریا,دوای ئەوەی سوپای عێراق شڵەژا و بێ ھیچ بەرگریەک ناوچە سوننە نشینەکانیان چۆڵ کرد و تەواوی چەکە پێشکەوتووەکانیان خستە خزمەتی داعش, سەرەڕای ئەوە داعش توانیبووی دەستبگرێ بەسەر چەند کۆگایەکی پڕ لە چەکی سوپای رژێمی سوریا و, ئەو چەکانەی سعوودیە و تورکیا و وڵاتانی کەندا و بۆ شۆڕشگێرانی سوریایان دەنارد کەوتە دەست چەکدارانی داعش,بوونی چەکێکی زۆر و بانگەشەی گەڕانەوەی خەلافەت دوو لە ھۆکارە سەرەکیەکانی بوون داعشی کردە مەترسیدارترین ھێزی تیرۆریستی جیھانی.

قەزای شەنگال لە ڕووی جوگرافیەوە بۆ داعش شوێنێکی ستراتیژی گرینگ بوو چونکە ھاوسنوورە لەگەڵ سوریا وبەشێک لە عێراق و سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە, چیای شەنگال بەسەر سوریا و عێراق دەڕوانێ و درێژ دەبێتەوە نێو خاکی ھەردوو وڵات , بەشێکی لە عێراقە و بەشێکی تری لە سوریایە,ئەگەرچی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆمەڵگا تەکفیر دەکات و فەرمانی کوشتن و تاڵانکردنی ھەموو ئەو کۆمەڵ و خەڵکانە دەدات بەیعەت نادەن بە خەلیفەکەیان و ناچنە ژێر باری حوکمە توندڕەویەکەیان , ئێزیدیەکانیش لە بەر جیاوازی ئاینیان کەوتنە بەر شاڵاوی دڕندانەی ئەو ڕێکخراوە ,بەڵام بۆ داعش گرینگتر لەو باسە ناوچە جوگرافیەکەی شەنگال بوو,ئەگەرچی ھێرشی داعش بۆ قەزای شەنگال و دیھاتەکانی کت و پڕ و لە ناکاو بوو, بەڵام پێش ئەوەی داعش داگیری بکات چاوی لەو ناوچەیە بڕیبوو چونکە ئەو ناوچانەی لە سوریا و عێراق لە ژێر دەستی ئەو ڕێکخراوەدان دوای داگیرکردنی شەنگال بەیەک بەسترانەوە و مەودای ھاتووچۆی نزیک کردەوە بۆ چەکدارەکان و گواستنەوەی چەک و پێداویستیە سەربازیەکان لە نێوان شارەکانی موێڵ و ڕەققە ئاسانتر کرد..

گرتنەوەی قەزای شەنگال لە لایەن پێشمەرگەی کوردستانەوە گەورەترین ئاستەنگ بۆ رێکخراوی تیرۆریستی داعش درووست دەکات,دەتوانین بڵێین رزگار کردنی تکریت بە قەد ئازاد کردنی شەنگال مەترسی بۆ داعش درووست نەکرد, چونکە ئەو ھێڵە ستراتیژیەی موێڵ و ڕەققە بەیەکەوە دەبەستەوە پێشمەرگە پچڕاندی و, بەمەش داعش دەستەوەستان دەوەستێ و لەئەگەری ڕزگار کردنی موێڵ یارمەتی سەربازی لە سوریاوە ڕاستەوخۆ ناگات بە چەکدارەکانی شاری موێڵ و ناوچەکانی دەوروبەری وە بە پێچەوانەوەش ھەر مەترسیەک ڕوو لە ڕەققە بکات داعشەکانی عێراق ناتوانن فریایان کەون ,کەواتە ئازاد کردنەوەی شەنگال ئامانجە گرینگەکەی پێکا و سەرەنجام داعشی کردە دوو بەش, بەمەش رێکخراوی تیرۆریستی داعش بێ ھێزتر دەبێ وەک لە ئێستا و ئاسانتر لە جاران دەتوانرێ شەڕی تیرۆریستانی داعش بکرێ چ لە سوریا چ لە عێراق.