شەری حزبی بە کوردبونەوە مەکەن و مەرامەکانتان بە کوردنەبونەوە مەفرۆشن

عیماد عەلی

زۆر جار بەھەڵەدا دەچین و لە کاردانەوەیەکدا رەش و سپی تێکەڵ دەکەین و، بە تەسکبیریەوە بۆ چەمک و بابەتێک شیکاری دەکەین، بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بناغەو ھۆکاری ئەو روداوەوە نیە، کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین و ھەڵوێستی لەئاستدا وەردەگرین .

پابەند بون بە نەتەوە و نەتەوایەتی، تەنانەت ئەگەر وەک غەریزەیەک تەماشا بکرێت و بە بنەما وەربگیرێت نەک بگاتە حاڵەتی شۆفینیەت، قازانجی زۆری دەبێت بۆ مرۆڤ ، بەڵام تۆ ھەموو روداوەکانی رۆژت ببەستیت بە لێکەوتەکانی رۆژانەی رەفتاری نەتەوەوە، ئەوە بەھیچ شێوەیەک لە قازانجی کەسدا ناکەوێتەوە . ئەگەر زەمینە و پێداویستی و ھاوکێشەکان و رادەی رۆشنبیری میلەت و قۆناغەکە لەو ئاستەدا بێت و، لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش نەبوبیت و لەگەڵ ئەویتری ئینسان ھەموو مافێکتان وەک یەک بێت و یەکسانی بەرقەراربوبێت، ھیچ پێویستیەک بۆ جاردان و پەیوەست بوون بە نەتەوە و شەرکردن بۆ جیاکردنەوەی نەتەوە نامێنێت . بۆیە ناکرێت نەتەوە و نەتەوایەتی بکرێتە موڵکی لایەنێک و پەیوەست بکرێت بە رەفتار و مامەڵەی ھەر لایەنێکەوە یان بە دیاردەیەک یان روداوێکی دیاریکراوی رۆژانەوە . ئەمە کردەیەکی مێژوییە و ھیچ پەیوەندی بە کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوی نێو نەتەوە کەوە، یان لایەن یان بزوتنەوە یان گردبونەوەیەکەوە نیە، تاوەکو ھەموو کارە نێگەتیڤەکانی ئەو خەڵکانە لە چاو یان لە کڕوکی چەمکی نەتەوەدا بخوێنینەوە .

ھیچ کەس و لایەنێک ناکرێت بەتەنھا خۆی بە خاوەنی نەتەوە بزانێت و ھەر پێشێلکاریەک کرا بە رەفتاری نەتەوە لەقەڵەم بدرێت، یان لە دژی نەتەوە بەکاربھێنرێت، یان لایەنی پێشێلکار بە نەتەوە و نەتەوەیایەتی یەکسان بکرێت و، ئەوەی دەیکات بە کردەوەی نەتەوایەتی ببەستیتەوە . ئەوەی لەم رۆژانە روویداوە لە پێشێلکاری یاسایی و لەدەرئەنجامی ململانێی حزبیدا بووە، کە ھیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوە و نەتەوایەتیەوە نیە و، بەڵکو بە رەھایی دژی یەکێتیی نەتەوە و ئامانجەکانی نەتەوایەتیە، لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە و لە پیشەوەی ھەموویاندا پارتی دیموکرایت کوردستان و، لەدەرئەنجامی ملنەدانە بۆ ھیچ چارەسەر و راو بۆچونێک کە لەقازانجی میلەتدا بکەوێتەوە و، ئەوەی کراوە لە سەر بنەمای حزبایەتی تەسک و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی کراوە و، دژ بە یاسا و رێرەوی راستی پێشکەوتنی ژیانی خەڵک ئەنجام دراوە . ئەگینا نەتەوە و خەڵک لێی بێبەرین . لە روداوەکانی ئەم دواییەدا، ئەگەر لایەنێک ھەموو عورف و یاساو نەرێتیکی پێشێل کردبێت بەڵام رەفتارێکی راگوزەر و لەدەرئەنجامی قەیران و یەکتربری لایەنەکاندا بووە نەک نەتەوەیەک، ئەگەر چەندین جاریش دووبارە کرابێتەوە ، ئەگەر کۆی گشتی جەماوەر و ئەندامان و کادران و سەرکردایەتی سەرجەم لایەنەکان بەو رەفتارەش رازی بن، چونکو نەتەوە و نەتەوەایەتی زۆر جیاوازە لە کەس و حزب و حزبایەتی و سیاسەت . جێگەی داخە کە لەبەر ھەندێک بیرو بۆچونی تەسک و نازانم لەدەرئەنجامی حزبایەتی یان ناوچەگەرێتی بێت، جیاوازی خیانەت و ئاڵۆزی و ناکۆکی حزبی نەکەین و بە ئامانجێکی تر قسە لەسەر رووداوەکان بکەین .

ئەوەی لە ١٢ ی ئابدا رووی دا پێشێلکاریەکی زەقی دژ بە یاسا و ململانێی راستی حزبایەتی بوو، کە بە ملھوری و لەپێناو کۆمەڵە کەسێک و حزبێکدا ئەنجام درا، بەڵام ناکرێت بە ھێنانی سوپایەکی دوژمنێکت بۆ سەر میلەتەکەت بەراوردی بکەیت، کەچۆن ناوزەدی بکەیت و، بەھەر شێوەیەک پێناسەی بکەیت، خیانەت یان ھەڵەی گەورە ئەوە قسەیەکی ترە . بەڵام ئەو کردەوەیە کە لە خیانەت کەمتر ھەڵناگرێت، قەیرانەکان لە نێوخۆییەوە خستە بەردەستی دوژمنان و لە رێژنەی خۆی دەرچوو و، بە ھیچ ھەوڵێکی نێوخۆیی چارەسەر نەبوو، ئەگەر ھەوڵی خێرخوازانەی دەرەوە نەبوایە و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی تێ نەکەوتبایە. لەوێدا نەتەوە بوو زیاتر زەرەری لێکرد نەک لایەنێک و دووان و کەسێکی دیاریکراو .

کێشە سەرەکیەکەی ئێمە ئەوەیە، کە ھەمیشە لە روانگەی حزبایەتی و سیاسەتی حزبی خۆمانەوە شیکاری بۆ روداوەکان دەکەین و، قەبەی دەکەینەوە و زیادەرۆیی تێدا دەکەین و، ئەوەی دژی لایەنێکمان کرابێت بە دژی ھەمو کوردمان لەقەڵەم داوە . ئەم رووداوانەی دوایی ھەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی ملھوری و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی و حزبی و نەزانین و زاڵبونی عەقڵی عەشایەری و دژ بە یاسا ھەموو نەریتێکی ماقوڵی کوردستانی خستە لاوە، بەڵام ئەم کردەوەیە لەلایەن نەتەوەکەوە رووینەداوە تا بخرێتە ئەستۆی نەتەوە . تۆیەک کە کردەوە و رەفتارەکانی سەدامی دیکتاتۆر و بەعسی خوێنمژ دژ بە میلەتی کورد نەخەیتە ئەستۆی نەتەوەی عەرەب بەگشتی، چۆن دەتوانیت رەفتار وکردەوەکانی بەرزانی و پارتی بخەیتە ئەستۆی نەتەوە ی کورد و، تەنانەت ناتوانی گومان لە کوردبونی ئەندام و ھەواداران و کادرانی ئەو لایەنەش بکەیت . ئەمە ھەڵسەنگاندنێکی کاردانەوەییانەیە و لە دەرئەنجامی تورەیی و دور لە مەنتیق کراوە . بۆیە بە ھیچ شێوەیەک کوردبون نابەسترێتەوە بە حزبیبونەوە . مەعقولە لە پاش ٣١ی ئاب بیر لە پارچەپارچە بون و پێداچونەوە لە چەمکی کوردبون و گومان لە کوردبونی خەڵک نەکرابێتەوە، لەم قەیرانەی ئێستا بەم تێروانیە تەماشای روداوەکان بکەیت . ئەوەی یەک نەبووە ھەمیشە لایەنە سیاسیەکان بوون ،لە بەرامبەردا گەلی کورد یەکبون و یەکێتی و ھاوبەشی و یەکبیری خۆی لە زۆر لاوە سەلماندووە و، لە کۆتاییدا ھیچ کەسێَک نەیتوانیوە یەکێتی بیر ی کوردبون لە خەڵک وەربگرێتەوە، سەرەرای ئەوەی دوژمنان ھەمیشە لەسەر ئەم چەمکە کاریان کردووە، ئەگەر دوژمنان و لایەنی تەسکبیری نێوخۆییش باوەری بەوە نەبوبێت کە کوردبون لە فکر و عەقڵی میلەتدا چەسپیوە، بەڵام ئەگەر ھەڵە و کەموکورتی و نزمی رادەی رۆشنبیری و نەبونی نوخبەی ژیر و بیر فراوان ھەبوایە ئێستا کورد و کوردستانیش لە ئاستێکی تردا دەبوون . بۆیە دەبێت بە عاقڵانە و بیرفراوانەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم رووداوەکان بکەین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەینو، نابێت شەری حزبی و بەرژەوەندی کەسیی و حزبی بە کورد و کوردستان بفرۆشینەوە . بۆیە کوردبون پەیوەست نیە بە ھیچ حزبی بونێکەوە .