نووسین بە ڕوحیەتی ئیسلامی تورکی!

تاوتوێی وتارێکی عوسمان عەلی

بەشی ١ لە ٢

محەمەد هەریری

قەت باوەڕ ناکەم میللەتێك لەو جیهانە هەبێت نوخبەکانی و دەستەبژێری بە ڕادەی کورد ڕۆڵی نێگەتیڤیان هەبێت، کاتێك وتاری عەرەبێك یان تورکێك یان فارسێکی شیعی یان سێکیولار دەخوێنیەوە لەسەر دۆزی کورد، ئێمە چاوەڕوانی هەموو تەزویرێك و بێ ویژدانیەك و داڕمانێکی ڕەوشتی و بەهایین لێیان، بەڵام بەداخەوە هەندێك نووسینی بەناو کوردانێك دەخوێنینەوە هەست دەکەیت بە ڕوحیەتێکی بێ ڕەحمانە و بێ ویژدانانە زیاتر لە ڕوحیەتی نەتەوەی سەردەستی تورك یان عەرەب نووسراوە. بروانە عبدالباري عەتوان چۆن ڕوحی بەرگری و عەرەبچێتی و عروبەت بڵاودەکاتەوە، کە بۆ میدیای بێگانەش قسە دەکات باس لە مەزڵومیەت و بێ دەرەتانی عەرەب دەکات، هەتا پاکانە بۆ هەموو توندرەویەك و مرۆڤ کوژی گروپە توندڕەو و تیرۆرستەکانیش دەکات.

نوخبەی کوردی لە پێناو ئایدیۆلۆژیەتی تەسکی ئامادەیە مێژوو تەزویر بکات لە بەرژەوەندی دوژمنانی کورد، و کورد تاوانبار بکات، مەزڵومیەتی کورد پەردەپۆش بکات و بیانکاتە زاڵم، خاڵی لاوازی کورد بە دیاری بۆ ئاغایانی بنێرێت، و شاری کوردی لە ناسنامەی کوردی داماڵێت تا عەرەبێك پێی بڵێت بارك الله و فارسێك پێی بڵێت ئەهسەنت ئاغا، و تورکێشیش بڵێت: عەفارم ئۆغلم!

مامۆستا عوسمان دەمیکە برادەرێکی منە و هەردەم جێگای ڕیزی من بووە، و زۆر شتیشی لێ فێربووم لەبواری مێژوودا، بەڵام وەك دەڵێن فلان حبیبنا، و الحق احب الینا منه! خۆی دەزانێت من موجامەلات نازانم لە گەرمترین کاتی دۆستایەتیم لەگەڵ مامۆستا عوسمان عەلی، ناسراو بە ئازاد گەرمیانی، کە مامۆستای مێژووە لە زانکۆی سەلاحەدین، ڕەخنەی خۆمم پێی گوتوە بەوپەڕی دڵسۆزی و ڕیزەوە، بەڵام بەوپەڕی ڕاشکاویەوەش. هیچ کاتێك ئەو پەیوەندیە نا هاوسەنگیەی ئەو و تورکەکانی ئاك پارتی ئەردۆگانم بە دڵ نەبووە، خۆشی ئەو هەقیقەتە دەزانێت. لە بیرمە جارێك نامەیەکی پڕ لە ئامۆژگاری نووسیبوو بۆ ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گوڵ کە چۆن هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ کورد و دۆزی کورد، کە ئەو کاتە پەیوەندیان لەگەڵ باشوور بە گشتی و پارتیش خراپ بوو، داوای ڕای منی کرد لەسەر نامەکە، منیش وەك کوردێك و برایەکی دینی و لە پرنسیپی الدین نصیحة، دین ئامۆژگاریە، پێیم گووت: ئەو نامەیە ئەگەر ناوی تۆی لەسەر نەبا دەمگووت لە نامەی سەرۆک مستەشارێکی وەك ارشد زیباری دەچێت بۆ سەدام حسێن نووسیبێتی، ئەو نامەیە لە کەسێكەوە نەنووسراوە خەمی دۆز و مافی کوردی هەبێت، بە قەد ئەوەی خەمی باڵادەستی دوژمنی میللەتەکەی بێت لە ژێر هەر پاساوێك و پەردەیەك وبیانوێك بیت! وابزانم ئێستاش نامەکەم لە ئەرشیفێکدا ماوە. ئەوەش هۆکارە زاهیرەکەیە لای کاک ئازاد گەرمیانی لە پاکانەکردن بۆ ئەو هەڵوێستانە، چونکە من هەموو هۆکارەکان نازانم، لەبەر ئەوەیە چونکە حزبە کوردیەکانی باشوور و باکوور سێکیولارن و دژە ئیسلامن، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا بۆ نمونە ئیسلامی و هەڵگری پرۆژەیەکی ئیسلامی پەنهانین.

جارێکیتریش کە بابەتێکی لەسەر کەرکوك و پەیوەندی کورد وتورکمان نووسیبوو کە من ئێستاش بابەتەکەیم ماوە، لە عەرەبێك و تورکمانێك بەخشندەتر بوو لە دانهێنان بە وەی کەرکوك پێناسنامەی تورکمانییە یان ناتوانیت بڵێیت کوردیە یان تورکمانی یان عەرەبی، بەڵکو ئەو گومانەی دەخستە پێناسنامەی هەولێریش، وەك توندڕەوترین ئەندامی جەبهەی تورکمانی! منیش وەك سەرنووسەری گۆڤار ئەو بڕگەیەکم لە وتارەکەی بڕی، یەکەم لەبەر سومعەی خۆی، دووەم لەبەر سومعەی گۆڤارەکە و خۆشم وەك سەرنووسەر، بێگومان زۆر توڕە بوو، بەڵام منیش ڕای خۆم پیی گووت، دوایی هەر بە هەمان بڕگەکانی بڵاویکردەوە لە چەند گۆڤار وسایتی عەرەبی، کە مایەی دەستخۆشیەکی زۆری عەرەب و تورکمان بوو وتارەکە!

سەیرم لەوە دێت مرۆڤ نزیکەی بۆ دەساڵێك دەبێت گەرابیتەوە کوردستان، هێشتا بجوکترین گۆڕانکاری لە هەڵوێست و ئەو نەزعەیە ئیسلامییە سەرەتاییە توندئاژۆیانەی لەو پیاوە دایە نەگۆڕیوە، بە هەمان ڕوحیەتی جاران پشتگیری لە ئەردۆگان دەکات، وادیارە وجودیشی لە ناوچەی پارتی و نزیك بوونەوەی لە بازنەکانی پارتی زیاتر هاندەرە بۆ ئەو ئەردۆگانیزمیستەی کە بەڕای من هیچی کەمتر نییە لە ئەردۆگانیستیەکەی شێخ عەلی قەرەداغی، کە وابزانم کار وابڕوات دەبێتە دیاردەیەك لەناو ئیسلامیەکان لە ژێر ناوی عەلی قەرەداغیزم.

ئەو قسانەم بە بۆنەی خوێندنەوە وتارێکی دکتۆر عوسمان عەلی کرد، کە لەسەر هەڵبژاردنەکەی سەرەتای ئەو مانگە نووسیبوی بە ناونیشانی: ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی هەڵبژاردن و کاریگەریەکانی لەسەر کورد! The possible outcomes of the elections and their effects on Kurds

بەداخەوە لەو وتارە کاک عوسمان هەروەك چاوەڕوان بووم یەك تاقە قسەیەکی خێریش بۆ کورد ناکات، من زۆر وتاری تورکەکان بە ئینگلیزی دەخوێنمەوە، لە هەموو ئاڕاستەیەكی سێکیولاری و ئیسلامی و نەتەوەیی، بە خودای گەورە تورکەکان زۆر مونسیفتر و عادیلتر بوون لە دابەشکردنی ڕەخنەکان بەسەر ئەردۆگان و پەکەکە، ئەوە باسی وتاری کافرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هەر ناکەم، چونکە کاک عوسمان پێیوایە ئەوڕوپا و ئەمریکا و ئیسڕائیل و عەلمانیە کافرەکان هەمووی دژی ئەردۆگانن و لێی دەترسن وەك لە چەندین وتار و کتێب و کۆمێنتێ وادەڵێت! بەڵکو هاوڕێەکمان بە دوژمنایەتی ئیسلام تۆمەتبار دەکات چونکە ڕەخنەی لە ئەردۆگان گرتووە!

من لێدەگەڕێم خۆی قسەکان بکات، تەنها وەریدەگێرمە سەر کوردی و دەقە ئینگلیزیەکەش دەتوانن لە لینکی وتارەکە بچنەوە سەری، لەگەل کۆمێنتێکی خۆم:

"بریاری نا عاقڵانەی هەدەب بە لە کیسدانی هەلی ئەوەی ببێتە نوێنەرێک لە پڕۆسەی ئاشتی، کە لەلایەن ئاک پارتی دەستی پێکرد، ئەویش بە پشتگیری کردنی لە توندوتیژی پ ك ك، بووە هۆی بێ هیوابوونی کورد لە هەدەب، چونکە کورد ئەو پڕۆسێسە بە تەنها ڕێگا بۆ بنیاتنانی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە دەبینێت."

مامۆستا عوسمان نازانم چۆن تۆمەتی پشتگیری هەدەپ بۆ توندوتیژی پ ك ك وابێ باکانە دەبەخشێتەوە، چونکە ئەگەر وابا ئەردۆگان دەمێك بوو هەدەپی داخستبوو. دووەم سەیرە یەکێك خۆی بە کورد بزانێت لەسەر برین و ناسۆری کۆبانێ باز بدات، کە هەموو جیهان شاهێدی بوو، چۆن ئەردۆگان یارمەتی تیرۆرستانی داعشی دەدا بۆ کوشتنی کورد، چۆن ئەو تەقاندنەوانەی گەنجانی جوانی هەدەپە لە پرسوس و ئامەد و ئەنقەرەت چاوپۆشی لێکرد، کە هەموو جیهان دەزانێت کاری سوڵتانەکەتە!؟ چۆن ئەوە لە بیر دەکات کە هەتا بڕیاری لێدانی داعش لەلایەن ئەردۆگان بۆ لێدانی یەپەگە و پ ک ک بوو، بە شاهێدی هەموو ڕۆژنامە موعتەبەرەکانی جیهان. ئینجا کەی ئەردۆگان ئامادە بووە هەدەپ بکاتە هاوبەش لە دەسەڵات؟! باشە گوتمان هەدەب بریاری بێ عەقڵانەیدا، باشە بۆ ئەردۆگان لەگەل مەهەپ و جەهەپ حکومەتی پێك نەهێنا؟! خۆ ئەردۆگان هیچی لەوان کەمتر نییە لە تورکچیاتی و ڕەگەزپەرستی! یان تەنها ڕازیە بە حکومەتێکی تاک ڕەوانەی فول ئاك پارتی؟!

لە بەشێکیتردا دەڵێت: "بە پێچەوانەی حکومەتەکانی پێشوو، وتاری ئاك پارتی دەرهەق بە دۆزی کورد لەگەڵ چارەسەری ئەمنیدا نییە بۆ ئەو دۆزە، ئاك پارتی پێی پەسندترە کە مامەڵە لەگەڵ هەقیقەتی کوردی بکات بە هەستی دان پێداهێنانەوە، لەبەر ئەو هۆیانە ئاک پارتی هەوڵیدا چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو دۆزە بدۆزیتەوە. ئەوەش دەکرێت لە تۆماری ئاك پارتی بۆ دەیەی رابردوو ببینرێت. ئەو تۆمارە بەدەنگی بەرز دەڵیت تابۆی کۆن سەبارەت بە بوونی کورد لە تورکیا تێکشکێندرا."

جاری وەهمێك هەیە لای ئیسلامیەکانی کورد بە گشتی کەوا ئەردۆگان پرۆسەی ئاشتی دەست پیکردوە لەگەل کورد! لە ڕاستیدا تورگوت ئۆزال ١٩٢٧ -١٩٩٣یەك سەرۆکی تورکیا بوو، لە حزبی نیشتیمانی دایك [ئەنا پارتی] کە سیاسەتی کرانەوەی کوردی دەست پیکرد لە نەوەدەکان، لە پاش یەکەم دانیشتن لەگەڵ پ ك ك، بڕیاری ئاگربەستی پ ك ك دەرچوو ٢٠/٣/١٩٩٣، ئۆزال کە نیوەی کورد بوو، تا سەر ئێسقان حەزی بە چارەسەری ئەو کیشەیە دەکرد و هەوڵی زۆریشی بۆدا، و مرۆڤێکی تا بڵیی دیموکراتی هەقیقی بوو، بە هانای کوردیش هات لە کۆڕەوە گەورەکە، هێندەی نەبرد لە بارودۆخێکی تەم ومژاویدا گیانی لە دەستدا، زۆربە سیاسەتوان و بیرمەندان و نووسەران کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو پیاوە بە دەستی ناحەزانئ ئاشتی ڕەشکوژ کرا.

ماویەتی

سەرچاوەی وتارەکەی:

http://www.dailysabah.com/op-ed/2015/10/30/the-possible-outcomes-of-the-elections-and-their-effects-on-kurds