ئەوانەی لەلایەن داعشەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر، یارمەتی دەدرێن

ئومێد بابان

یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ راوێژكارانیUN WOMEN ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاریان داوە بۆ ئەوەی كەسایەتی و دۆخی دەروونیی ئەو ئافرەتانەی كە لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە، كەسایەتییان بونیات بنرێتەوە.

(ئاری رەفیق) یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ راوێژكارانی UN WOMEN ئەنجام داوە تا دووبارە كەسایەتی و دۆخی دەروونیی ئەو ئافرەتانەی كە لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە، بونیات بنێنەوە.

(ئاری) دەشڵێت: "لەو كۆبوونەوەیەدا رێك كەوتین لەسەر ئەوەی بە هەماهەنگیی هەردوولا راهێنانێكی تایبەت لەلایەن UN WOMEN بە (40) كەس بكرێ و كاری داهاتووی ئەو (40) كەسە تایبەت دەبێ بە دووبارە بونیاتنانەوەی كەسایەتی و دۆخی دەروونیی ئەو ئافرەتانەی كە لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە".

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووەوە و بە بشتبەستن بە دۆكیومێنتەكانی بەردەست بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، پڕۆژەكە بە هاوبەشی جێبەجێ بكرێت.