فەڕەنسا: لە چەند کردەوەیەکی تیرۆرستیدا 129 کەس کوژراون

ئا: ساڵح میراودەلی

ئەمشەو کاتژمێر ١٠ی شەو بەکاتی پاریس ١٣ی نۆڤەمبەر، لەچەند کردەوەیەکی تیرۆرستیدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا 129 هاوڵاتی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. هەر بەو هۆیەوە دەستبەجێ سەرۆکی فەڕەنسا باری نائاسایی لە وڵات ڕاگەیاند و سەرجەم سنورەکانی داخست، هەروەها داوای لە سوپا کرد بڕژێنە ناو پاریسی پایتەختەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە جگە لە هێزەکانی پۆلیس ١٥٠٠ هەزار و پێنج سەرباز بە چەکەوە بەناو پاریسدا بڵاوبوونەوە.

یەکەم کردەی تیرۆریستی لە ڕێستوڕانتێکی کەمبۆدی بووە، کە دەکەوێتە تەنیشت یاریگای ( stade de france ) لەو کاتەشدا یاری تۆپی پێ بووە لەنێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا ودەنگی دوو تەقینەوەکەی نێو ڕێستوڕانتەکە لە نێو یاریگەکەدا بیستراوە، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ جگە لە تەقینەوەی بۆمبەکان تەقەش لە خەڵکەکە کراوە.

هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکانیشدا تیرۆریستەکان دەیان کەسیان بە بارمتە لە هۆڵێکی کۆنسێرتدا گرتووە و دواتریش کە هێزەکانی پۆلیس دەوریانداون بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان، بەپێی لێدوانەکانی پۆلیسی فەڕەنسا سێ کەس لەو تیرۆریستانە کوژراون کە بارمتەکانیان گرتوون و لە بارمتەکانیش بە لایەنی کەمەوە زیاتر لە سەت کەس کوژراوە.

کۆی قوربانیەکانی کردەوە تیرۆریستیەکانی پاریس تا ئێستا گەیشتۆتە سەد و پبیست و نۆ کوژراو و دەیان بریندار، بەپێی زانیاریەکانی پۆلیسی فەڕەنسا، کردەوە تیرۆریستیەکان بەهۆی بۆمب و چەکی تەقەکردنەوە ئەنجامدراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە گاردیانی بەریتانی بڵاویکردوونەوە، کردەوە تیرۆریستیەکان لە حەوت ناوچە و شوێنی جیاوازی پاریسدا بوون و ژمارەی قوربانیانیش لە بەرزبوونەوەدایە، هەر بەوهۆیەشەوە پارێزگای پاریس ڕایگەیاند کە خەڵک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و قەرەباڵغی لەهیچ شوێنێکی پاریسدا دروست نەکەن.

لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، فەڕەنسا یەکەمجارە ڕووبەڕووی ئاژاوەیەکی لەوشێوەیە ببێتەوە.

سەرچاوەکان:

بی بی سی و گاردیان ی بەریتانی