لیژنەی تەندروستی پەرلەمان ئیدانەی تیرۆكردنی دكتۆرێك دەكات لە دوزخورماتوو

پێنوسەکان

لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی تیرۆكردنی " دكتۆر عبدالخالق عبدالكریم علی "دەكات، كە لە هێرشی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە قەزای دووزخورماتوو بە شێوازێكی دڕندانە تیرۆركرا.

زولفا محمود سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند : وەك لیژنەی تەندروستی پەرلەمان ئیدانەی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی قەزای دوزخورماتوو دەكەین بەتایبەتیش تیرۆركردنی " د. عبدالخالق عبدالكریم علی " كە لە كاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەدا بە دڕندانەترین شێوە تیرۆركراوە، لە كاتێكدا ئەم دكتۆرە خاوەن سی ساڵ خزمەتی پزیشكیە بەبێ جیاوازی لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی قەزای دوزخورماتوو.

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان ڕاشی دەگەیەنێت پێویستە حكومەتی عێراق بە پلەی شەهید هەژماری بكات و سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان بیگرێتەوە، داواش لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی ناوچەكە دەكات لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیاندا بە زووترین كات دۆخە هێوربكەنەوە.