یەزدانی

نووسینی: میھرداد.ر.ئیزەدی

لەتورکییەوە: یوسف عزەدین


میھرداد.ر.ئیزەدی، تاماوەیەکی نزیکیش مامۆستای مێژو و زمانە رۆژھەڵاتییەکانی زانکۆی ھارڤارد بووە.

نووسەر لیسانسی لەزانستی سیاسی و جوگرافیدا ھەیە.

بڕوانامەی ماجستێری لەگۆڕانکاری و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە.

بڕوانامەی دکتۆراشی لەزانکۆی کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانی سەبارەت بەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پآ بەخشراوە.

لەکۆنگرێسی ئەمریکیدا سەبارەت بەمەسەلەی کورد، دوو جار بانگھێشت کراوەو گوآ لەڕاوبۆچوونەکانی گیراوە.

بابەت و وتارێکی زۆری لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە:

Kurdish Times , Middle East Journal

ئەم کتێبەی ئامادەیە بۆ چاپ بەناوی:

A basic of the land and people of Kurdistan

 

یەزدانی بەواتای "مەزھەبی فریشتەکان" دێت و لە ئێستاشدا تەواو گۆڕانی بەسەردا ھاتووەو ناوی راستەقینەی خۆی وەک ئایینێک ونکردووەو یەزدانی-یش بەشێوەیەکی مەجازی بەو کەسانە دەگوترێت کەپەیڕەوی ئەو رێبازە دەکەن.

یان رەنگە یەزدانی ناوێکی دیکەی ئێزیدی بێت و ھەروەک چۆن "شەرەفخانی بتلیسی" لە"شەرەفنامە"دا ئاماژەی بۆ دەکات و بە ئێزیدی ناویان دەبات. گەرچی جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کەلەو دەمەدا"١٥٩٧"ساڵی نووسینی "شەرەفنامە" زۆربەی کورد پەیڕەوی مەزھەبی "سونی-شافیعی"یان کردووە، بەڵام ھەر بۆ خۆشی ئاماژە بەوە دەکات کە تا ڕابردوویەکی نزیک ھەموو بنەماڵە و بنەچەکانی کورد ئێزیدی بوون.

رەنگە ناوێکی دیکەی یەزدانی-یەتیش حەق بێت کەبەواتای رۆحی رەھا دێت و ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی دابەشبوونی بەسەر سآ بەشی سەرەکیدا:

" ئێزیدی و عەلەوی و یاریسانی"، عەلەوی-یەکان لەئێستادا لەسووریا و تورکیاو بەڕێژەیەکی کەمیش لەو ناوچانەی کەعەرەبی تێدا نیشتەجێن ھەن.

یەزدانی-یەکان چ لەئێستادا و چ لەڕابردووشدا باوەڕیان بەتیشکی پیرۆز و حەوت فریشتەکە ھەبووە.. ژمارە حەوتیشیان بەپیرۆز زانیوەو پێشیان وابووە کەلە حەوت ھێزی خراپەکار دەیانپارێزێت، جگە لەوەی قەناعەتێکی رەھایان بەلەدایکبوونەوەی چەند جارەی ئافەریدەکار ھەیە.

یەزدانی-یەکان رۆح و ماتریالڕ بەشێوەیەک لەیەکدی جیا دەکەنەوە کەئیدی رۆحی رەھا ھیچ پێوەندییەکی بەدنیای ماتریاڵەوە نامێنێت و پێوەی خەریک نابێت.

"حەق" یان رۆحی رەھا لای یەزدانی-یەکان وەک ئافەریدەکار مامەڵەی لەگەلڕ دەکرێت و سەبارەت بە"حەوت- ژمارەی پیرۆز"یش پێیان وایە کە لەبەرپرسی گەورەی فریشتەکان و پێنج فریشتەی دیکە و رۆحی رەھا پێکدێت.

بەرزترین پلەی ئایینیش لای یەزدانی-یەکان "باب"ە.. کە لەزمانی ئارامی کۆندا بەواتای دەروازە دێت.

"میرزا عەلی محەمەد" لەچەرخی نۆزدەیەمدا ژیاوەو یەکێکە لەو زاتانەی کەگەیشتۆتە پلەی باڵای "باب-دەروازە"و دواتریش رێبازی ئایینی "بابی یان بەھائی" دامەزراندووە کەدیارە ھەڵھێنجراوی بیرۆکەی ئایینی میترا-ییەکانە.. بەماوەیەکی کەم لەناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، پاش کەمتر لەسەد ساڵێک ئینگلیزەکان لەبەسرەدا پێی ئاشنابوون.. بەھۆی ئەوانیشەوە ئەم بیرۆکە ئایینییە گەیشتۆتە ئینگیلتەرا.

یەزدانی- یەکان چەشن و شێوەی خواپەرستنیان، دوور لەخەڵکانی بێباوەڕ و غەیرەدین، بەشێوەیەکی پەنھان و نھێنی بەڕێوە بردووە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا بەحوکمی باوەڕیان بە"رۆحی رەھا"، رێبازە ئایینییەکانی تریان جوداو نامۆ نەبینیوە.. پێیان وابووە کەپێغەمبەرەکان لەلایەن رۆحی رەھا-وە بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی نێردراون. ھەر بۆیە بەگیانێکی دۆستانە روانیویانەتە پەیامی "موسا و عیسا و محەمەد" و ھەموو جۆرە رێبازە ئایینییەکانی تریش.

ئەم تێڕوانینە نەرمونیانەی یەزدانی-یەکان بووە ھۆی تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی رێبازی دیکەی ئایینی بە رێبازەکەیان، یان بەپێچەوانەوە دەتوانین بڵێین نەرمونیانییان فاکتەری سەرەکی پەرتەوازەبوون و پەرش وبڵاوبوونەوەی خودی رێبازە ئایینییەکەیان بوو.

شایانی باسە کە یەزدانی-یەکان سەبارەت بە دروستبوونی دنیای ماتریاڵ و قیامەت تەواو ھاوفیکری رێبازە ئایینییەکانی ترن و ئەوەی بەلاشیانەوە گرنگە رۆژی قیامەتە.

ھیچ کاتێک یەزدانی-یەکان دەستەیەکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە ئایینییەکانیان پێکەوە نەناوە.. دەستەوسان و لەسەرەخۆ و بەئەدەب روانیویانەتە رێبازە ئایینییەکانی دیکە.

گەرچی دینامیکییەت لەخودی ئایینییەکەیاندا بەدی دەکرێت.. بەڵام خۆ بەدەستەوەدانیان ھۆکاری سەرەکی پارچە پارچە بوون و ھەڵوەشاندنەوەیان بوو.

ھیچ کاتێک خەیاڵی دروستکردنی زاتێکی رەھای ھاوچەشنی "مەسیح"و شاڵاو بردنە سەر ئایینەکانی تریان نەبووە.. ھەر بۆیە لەچەرخی پانزەدا عەلەوی-یەکان وەک باڵێکی جیا وەدەرکەوتن.

دەکرێت میترا-ییەکان، زۆروای-یەکان، مەزدەکی-یەکان، حوڕەمی-یەکان، قەرامیتەکان... بەباڵی جیاجیای یەزدانییەکان لەقەڵەم بدەین، سەرباری کاریگەریان بۆ سەر مانی-یەکان و ئیسماعیلی-یەکان و دورزی-یەکان و بابی"بەھائی"یەکان و زەردەشتی-یەکان.

مێژووی دەستپێکی رێبازی میتراییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠٠ساڵی "پ.ز" واتە سەردەمی "ھێلینیستک" کەدیارە لەو دەمەدا دژایەتی ئایینەکانی گریک و رۆمانەکانیان کردووە.. دواتریش بەرادەیەک کاریگەری خۆیان سەپاندووە کەرۆمانەکان لەماوەی"٢٧٤-٣٧٧"ی زاینیدا لەدایکبوونی میترا-ی خوداوەندیان لە ٢٥-١٢ی ھەموو ساڵێکدا یادکردۆتەوە.. دیارە ھەر ئەم مێژووەشە کە لای مەسیحییەکان یاد دەکرێتەوەو بەرۆژی لەدایکبوونی مەسیح ناسراوە.

"ئێزیدییەکان-عەلەوییەکان-یاریسانییەکان" ھەرسآ بەشە جیابۆوەکەی یەزدانی-یەکان تا ئێستاش لەفێستیڤاڵ و کۆبوونەوەی ساڵانەی ئایینییاندا، لەکاریگەری "میترا-س" رزگاریان نەبووە.

سەرباری بڵاوبوونەوەی ئیسلام و کاریگەرێتی لەسەر ئایینەکانی دیکەی ناوچەکە، ھێشتاکە کاریگەری یەزدانی-یەکان لەسەر کورد بەشێوەیەکی بەرچاو لە کولتوور و فەرھەنگ و ھەڵسوکەوتی رۆژانەیاندا رەنگ دەداتەوە.. راشکاوانەش لەھەڵسووڕانی ئایینی و چەشنی خواپەرستنیاندا رێزیان بەرامبەر بەشتە پیرۆزەکان ھەیەو باوەڕ و قەناعەتیشیان بەمەوجودیەتی "خدری زیندە" ھەیە.

کوردەکان"یەزدانییەکان" پێیان وایە کە"خدری زیندە" نزیک کانی و سەرچاوەکان دەردەکەوێت.. نھێنی و لوغزی "خدری زیندە"ش لای یەزدانی-یەکان دەگەڕێتەوە بۆ زیندووبوون و نەمردنی. پێشیان وایە ئەو سەرچاوەو رووبارانەی "خدری زیندە" بەلایاندا گوزەری کردووە، کیسەڵەکانی تەمەن درێژن و بەسیمبۆلێکی پیرۆزی دەزانن. لەسەرەتاکانی بەھاردا کوردە ئێزیدی و عەلەوی و موسڵمانەکان بۆ خاتری رۆحی "خدری زیندە" بەرۆژوو دەبن، پاشان بەکۆمەلڕ و بەو بۆنەیەوە دەیکەنە جەژن.. لەکۆمەڵێکیشەوە بۆ کۆمەڵێکی تر سات و وەختەکەی دەگۆڕدرێت.

رەنگە یەکێک لەو رێبازە ئایینییانەی کەدژایەتی یەزدانی-یەکانی کردبێت، زەردەشتی-یەکان بووبێتن. پێشم وایە پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی "مەد"و کوژرانی دوا دەسەڵاتداری میدییەکان" رکختی ڤێگا ئازھی زوحاک" زەردەشتییەکان جێگەی یەزدانییەکانیان گرتبێتەوەو ھەر لەو دەمەشەوە دوا پاشاو دەسەڵاتداری میدییەکان"زوحاک".. چ لای زەردەشتییەکان و چ لای ئێرانییەکان بەخودی شەیتان لەقەڵەم درا، وەک لەداستانە میتۆلۆژییەکەی "شانامە"دا بەبەرجەستەکراوی خودی ئەو راستییە دەبینرێتەوە لەچوواندنی خودی "شەیتان "بە"زوحاک"!؟

جێی سەرنجیشە گەر بڵێین ناوی دوا دەسەڵاتداری میدییەکان "ئازھی زوحاک" لەلایەن "ھیرۆدۆتێس"ەوە دەرئەنجامی ھەڵەی زمانەوانی شێواوەو بۆتە "ئاستیاگێس".

شایانی باسیشە زەردەشتییەکان لەزۆر رووەوە لە یەزدانی-یەکان دەچن، ھەر بۆ نموونە"رەبەن-راھیب"و کارمەندی تایبەتی ئایینییان نییەو پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکەیان لەباوکەوە بۆ کوڕ دەمێنێتەوەو بەو شێوەیەش ئیدامەی دەبێت.

خاڵێکی ھاوبەشی تریشیان ئیمان و باوەڕی ھەردووکیانە بەبوون و مەوجودییەتی ئەو حەوت فریشتەیەی کەدنیا بەڕێوە دەبەن، سەرباری باوەڕی ھەردوولایان بەحەوت فریشتە خراپەکە کەبەردەوام لەململانآ و دژایەتی فریشتە باشەکاندان.

رەنگە ناوھێنانی زەردەشت وەک پێغەمبەرێک، تەنھا جۆرێک لەخوڵقاندن و خستنەپاڵی پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکانی زەردەشتییەکان بێت بۆ زاتێک بەناوی زەردەشت-ەوە کەدیارە ئەمەش ھاوکات و پەیوەست بوو بەبووژاندنەوەی بیرۆکەی "ئاریزم-ئارییەت"ەوە.

پاش ١٤٠٠سالڕ لەھاوژیانی نێوان و یەزدانی-یەکان و ئیسلامەکان، لەحاڵی حازردا دەکرێت زۆر خاڵی ھاوبەش لەنێوان یەزدانی-یەکان و ئیسلامەکاندا ببینرێتەوە.. بەدرێژای مێژووش لەدوو توێی پرۆسەی نەفیکردن و دژایەتیدا، ھەموو ھەولڕ و تەقەللای رێبازە ئایینییە جیاجیاکان، بۆ ریشەکێش کردنی یەزدانی-یەت بەڕێوەچووەو ھەردەمیش بەردەوام بووە.

بەپێی ھەلومەرجی ئابووری ئەو کاتە مەزدەکی"یەکان کەکورتکراوەی ئاھورامەزدای زەردەشت-ییەکانە، توانییان شوێن و جێگەو دەسەڵاتی ئایینی زەردەشت-ییەکان لەق بکەن و دواتریش رابەرێکی ئایینی مەزدەکی-یەکان توانی "قوباد"ی پاشای ساسانییەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت و لەسەر دەستی ئەو ببێتە مەزدەکی.

شایانی باسیشە کە مەزدەکی-یەتیش، تاڕادەیەک قاڵب و فۆرمێکی تری درێژە پێدانی یەزدانی-یەتە، ھەژار و نەدار و دەست کورت و زۆرلێکراوان بەتەواوی بوونە مەزدەکی، دیارە ھۆکاری ئەمەش تێڕوانینی مەزدەکی-یەکان بوو بۆ دنیا کەپێیان وابوو ماڵ و موڵک دەبێت ھاوبەش بێت و بەیەکسانی و تەبایی دابەش بکرێت.

ئەو خاوەندارێتییە ھاوبەشەی کەمەزدەکییەکان باسیان لێوە کردووە، بۆتە مایەی راکێشانی سەرنجی زۆر لەپسپۆڕان و نووسەران و ھەر لەم سۆنگەیەشەوە بە یەکەمین بزووتنەوەیەکی ھاوبەشگەرێتی یان سۆسیالیستی-یان لەقەڵەم داوە.

پاش پاشگەزبوونەوەی "قوباد" لەمەزدەکییەت و گەڕانەوەی بۆ سەر ئایینی زەردەشتییەکان، لەسەردەمی "ئەنەوشیروان"ی کوڕیدا، مەزدەکی-یەکان دوچاری جینۆسایدێکی بێوێنە بوونەوە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا، بەماوەیەکی کەم پاش رووخانی ساسانییەکان بۆ جارێکی دیکە سەریان ھەڵدایەوە، لەئێستاشدا ھێشتاکە لەنێو خۆشناو-ەکانی نێوەڕاستی کوردستانداو لەیەکێک لەباڵەکانی ئەو عەشیرەتەدا ھێشتاکە ئیمان و باوەڕی ئایینی مەزدەکییەکان بەردەوامە.

حوڕەمی-یەکانیش وەک رێبازێکی ئایینی باوەڕیان بە "دۆناودۆن" ھەیەو لەڕووی ھاوبەشێتی و خاوەندارێتی گشتی موڵکیەتیشەوە لەگەلڕ مەزدەکی-یەکاندا ھاوبەشن ھاوفیکرن.

"ناسح کورد" یان وەک "مەسعودی" مێژوونووسی گەورەی عەرەب بە"ناسر کورد" ناوی دەبات، بارەگاکەی لەئازەربایجان-دا بووەو یەکێک بووە لەسەرکردەی حوڕەمی-یەکان.

بەمەبەستی دامرکاندنەوەو لەناوبردنی راپەڕینی حوڕەمی-یەکان، لەشکری ئیسلام بەسەرکردایەتی "موعتەسیم"ی خەلیفەی عەباسییەکان ھێرش دەکەنە سەریان و بەپێی نووسراوێکی "تەبەری" مێژوونووسی عەرەب، ھێزە عەسکەرییەکانی سەر بەخەلیفە، شەست ھەزار لەسەرباز و ھاودینەکانی"ناسح یان ناسر" کورد دەکوژن و خودی "ناسح یان ناسر"یش ناچار دەکەن کەلەساڵی ٨٣٣ی زاینیدا پەنا بۆ ئیمپراتۆریەتی بیزانس-ییەکان ببات.

سیمبۆلی مەزدەکی و حورەمی-یەکان رەنگی سوورە کەچ لەجل و بەرگیاندا و چ لە ئاڵاکانیاندا دەبینرێتەوەو بە"مرۆڤە ئاڵا سوورەکان" یان بە"مرۆڤە جل سوورەکان" ناسراون.

ئەم سیمبۆلە لەچەرخی چواردەو پانزەدا لەکڵاوە سوورەکانی عەلەوییەکاندا رەنگیدایەوەو بە"قزڵباش"یان"سەرسوور –کڵاوسوور" ناوبران.

لەچەرخی پانزەدا "محەمەد نوورباک" لەنیمچە دوورگەی عەرەبدا رێبازێکی سۆفیستی ھاوشێوەی یەزدانی-یەتی ھینایە کایەوە.. "شێخ ئەحمەد" لەچەرخی ھەژدەدا وەک کەسایەتییەکی ناسراوی دوازنجیرەی ئەو رێبازە، نیمچە دوورگەی عەرەبی جێھێشتووەو چۆتە ئێران.

شایانی باسیشە کەلێکچوونێکی بەرچاو لەنێوان بزووتنەوەی "مەزدەکی"یەکان و رێبازە سۆفیستەکەی "شێخ ئەحمەد" دا ھەیە، بەتایبەتیش لەڕووی سۆسیۆ ئیکۆنۆمیک-ەوە، ئەمە جگە لەباوەڕی ھەردوولایان بەگەڕانەوەو ھاتنەوەی "مەھدی" یان"مەسیح".

بەدرێژایی مێژوو ئەم رێبازە ئایینییانە دوچاری زۆر تانەو تەشەر و رەخنەی خەڵکانێک بوونەتەوە کە"یەزدانی"یەکان و عەلەوی-یەکان و مەزدەکی-یەکان و رێبازە ئایینییەکانی دیکەشیان بەمومارەسەکردنی سێکسی بەکۆمەڵ تاوانبارکردووە.

ھەروەک لەمڕۆشدا خەڵکانێکی زۆری ناوچەکە باوەڕیان وایە کەلە"ئانادۆڵی کوردستانی تورکیا"و "ئێران"دا لەشەوێکی تایبەتدا چرا دەکوژێنرێتەوەو بەکۆمەلڕ مومارەسەی ئەو چەشنە سێکسە دەکرێت، دیارە ھەمان چەشنە تاوانبارکردن و تۆمەتیش عەلەوییەکانی تورکیاو سووریاو ئیسماعیلییەکانی ئەفغانستان و دورزییەکانیش دەگرێتەوەو پێشم وایە کەئەم چەشنە تۆمەت ھەڵبەستن و پڕوپاگەندانە ھەر لەمێژەوەو تا ئێستاش بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئەو رێبازە ئایینییانە بەڕێوەچووە.

ئەوەی بەلاشمەوە سەیر و سەمەرەو جێی سەرسووڕمانە، ئاماژەکردنی "ھێنری راوڵنسۆن"و "ماکدۆناڵد کینەر"و "گ.ر.درایڤەر"ە کەپێیان وابووە تا ساڵی "١٩١٢-١٩٢٣" کەشێکی سێکسی لەو چەشنە بەڕێوەچووەو بەدرێژکراوەی رێبازی"میتاو ئاناھیتا"یان لەقەڵەم داوە.. ئەو دوو رێبازە ئەندامی سێکسییان پەرستووەو دەچنەوە سەر کولتووری "سێسۆستریس".

" ماکدۆناڵد کینەر"یش وەک دەڵێت و ئاماژەی بۆ کردووە گوایە خودی خۆی بەشداری کەشێکی لەو چەشنەی کردووە.

رەنگە ھەموو ئەم پڕوپاگەندانە لەنھێنی و پەنھانی کەشە ئایینییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەگینا ھەموومان دەزانین کەدیسپلینێکی تەواو لەبەڕێوەچوونی کەشە ئایینییەکانیاندا ھەیەو نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کەلەزۆر بەشی ئەم جۆرە رێبازە ئایینییانەدا بەشداریکردنی ئافرەت تێیدا قەدەغەیەو رێی پآ نادرێت.

سەرباری ئەوەی خودی ئافرەت لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا جێگەو شوێنێکی تایبەت و رێزداری ھەیەو رێگەپێدانی کەشێکی لەو چەشنەش ئاستەم و مەحاڵە.

عەلەوییەکان لەشوێنێکی تایبەتدا کەبە"ماڵی جەم" ناسراوە ھەفتەی یەکجار کۆدەبنەوە، ساڵی یەک جاریش کەشێکی گەورەی ئایینی سازدەکرێت و بەپێی بۆچوون و پەیڕەوی ھەر جۆر و چەشنە لقێکی یەزدانی کات و شوێنی سازدانی دەگۆڕدرێت.

یەزدانی-یەکان کاریگەرییەکی تەواویان ھەبووە لەدروستبوونی رێبازی ئایینی ئیسماعیلییەکان-دا کەباوەڕیان بەحەوت ئیمامە. ئاشکراشە ئەم جۆرە تێز و فیکرانە لەساڵی ١٥٠١دا دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتی سەفەوی و دەسەڵاتدارێکی وەک "ئیسماعیل شا"ی لێکەوتۆتەوە.. بەلای عەلەوی-یەکانیشەوە "ئیسماعیل شا" کەسێکی پیرۆز و نێرداروی خودایە.

دیارە ھەموو سەرچاوەو بەڵگە مێژووییەکان پێیان لەسەر ئەو راستییە داگرتووە کەچەشن و شێوەی شیعەبوونی سەفەوی-یەکان، ئەو مەزھەب و رێبازە تایبەتە ئایینییە نییە کەلەئیسلامدا بەشیعە ناسراوە.. مەبەستم ئەوەیە کەسەفەوی-یەکان شیعە نین و بەتەواویی لێوەی دوورن.. شیعەبوونی سەفەوی-یەکان بەتەواویی یەزدانی-یەتەو لەئێستاشدا وەک لقێک لەعەلەوی-یەکاندا دەبینرێتەوە.

جەعفەری-یەتیش ھەوڵ وتەقەللایەکی دیکەی یەزدانی-یەکان بوو، بۆ خۆجیاکردنەوەیان لەو عەرەب و تورکمانانەی کەبووبوونە شیعە.. ھەر بۆیە بەئیلھام وەرگرتن لەناوی "ئیمام جەعفەر ئەلسادق" بە"جەعفەری" خۆیان ناساند و وەک ھەر سآ لقەکەی دیکەی یەزدانی-یەکان، "ئیمام حەزرەتی عەلی"یان پآ زاتێکی موبارەکەو نیو بەنیو رۆحی خودای تێدا دەبیننەوەو بەگیانێکی رەھای دەزانن.

شایانی باسیشە کەوێکچوونی نێوان بودیزم-ی ھیندستان و یەزدانی-یەکان لەخاڵی باوەڕو قەناعەتیان بە"دۆناودۆن"دا بەرجەستە دەبێت و بەشێوەیەکی بەرچاو لێکچوو و ھاوشێوەیە.

ژێدەر:

Kurtler\Mehrdad.R.Izadi\Doz Yaynlar\istanbul\٢٠٠٤