سایکۆلۆژیای دەنگدەرانی تورکیا

رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم

نزیکەی پەنجا راپرسی بەدرێژایی سێ مانگی رابووردوو لە تورکیا ئەنجامدرا، جگە لە سێ راپرسی نەبێت کە رێژەی دەنگەکانی ئاک پارتی گەیاندە ٤٤% هەموو راپرسیەکانی دیکە ئەو رێژەیەی لە خوار ئەو ئاستەوە دانابوو. چی رویدا؟ دەنگەکانی ئاک پارتی چۆن بەوجۆرە هەڵکشان و دەنگدەرانی تورکیا بۆچی رەفتار(سلوک)ی دەنگدانی خۆیان گۆڕی؟

یەکەم خاڵی گرنگ کە هیچ کام لە سەنتەرەکانی توێژینەوە ئاماژەیان بۆ نەکردبوو بەرزبوونەوەی ئاستی دەنگدان بوو لە تورکیا. لەهەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی پێشوودا، ئاستی دەنگدان بەگشتی لە تەواوی تورکیا رێژەی ٨٤%ی تێنەپەڕاندبوو، کەچی ئەمجارە ئاستی دەنگدان نزیکەی ٣ پرۆسێنت بەرزبۆوە. بەرزبوونەوەی ئاستی دەنگدان بە تەواوی لە قازانجی ئاک پارتی بوو، چونکە لە هەڵبژاردنی پێشوودا ئاستی دەنگدان لە ناوچە کوردیەکاندا رێژەی ٩٠%ی دەرباز کردبوو، لە کاتێکدا لە هەندێک ناوچەکانی دیکەی تورکیادا بەشداریی دەنگدان لە خوار رێژەی ٧٠% بوو. کەواتە ئەو دەنگدەرانەی ئاک پارتی کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیان نەدابوو، لە ژێر کاریگەری جەنگە دەرونیەکانی ئاک پارتیدا بەپرتاو رۆشتنەوە بۆ دەنگدان و دەنگی خۆیان دایەوە بە ئاک پارتی.

دووەم خاڵ کە دەکرێت وەک ستراتیژێکی سەرکەوتووی ئاک پارتی ئاماژەی بۆ بکەین کارکردن بوو لەسەر راکێشانی دەنگدەرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوایەتی (مەهەپە). ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوودا گرەوی لەسەر دەنگەکانی کوردو هادەپکرد، بەڵام زۆر خێرا بۆی ئاشکرا بوو کە ئیتر ناتوانێت ئەو دەنگدانە بۆ خۆی بەرێتەوە بەتایبەت کە جەنگێکی خوێناوی لەدژی پەکەکە هەڵگیرساندەوە، بەڵام لە بەرامبەردا توانی هزی فاشیستی ئاینیی خۆی لەگەڵ هزی فاشیستی نەتەوەپەرستی تێکەڵ بکات و لەدیدی دەنگدەرانی مەهەپەوە وەک ئەڵتەرناتیفێکی بەهێزو گونجاو بەرامبەر بە دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە خۆی نمایش بکات. ئەم رەفتارانەی ئاک پارتی و خودی ئەردۆگان بەرامبەر بە مەهەپە بوونە هۆکاری ئەوەی کە دەنگدەران و تەنانەت بەشێک لە سەرکردەکانی مەهەپەش لە نێوان دوو پارتی سیاسی و دوو شەبەنگی فاشیستی مەهەپەدا دەنگ بە مەهەپەیەکی بەهێز بدەن و مەهەپەی لاوازی دەوڵەت باخچەلی پەراوێز بخەن. سێیەم خاڵی گرنگ لەم هەڵبژاردنە بەکارهێنانی ستراتیژی (ترس) بوو لە لایەن ئاک پارتی و ئەردۆگان. رۆژنامەی گاردیان لەم بارەوە بە مانشێتیكی گەورە نوسیویەتی ( سیاسەتی ترساندن لە تورکیا کاری خۆی کرد). باشترین چەکی سایکۆلۆژی لە هەموو هەڵبژاردنەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ستراتیژی ترسە. ترس لە سادەترین پێناسەدا بریتیە لە هەستکردنی مرۆڤ بە بوونی مەترسی. ترس هەمیشە ئەو هەستە مەترسیدارە بووە کە بەدرێژایی مێژوو وەکو سێبەر بەدوای مرۆڤەکانەوە هاتووە. ئاک پارتی و خودی ئەردۆگان زۆر وردی و درشتی توانیان ئەو ترسە لە ناخی بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانی تورکیا دروست بکەن. سەبارەت بە میدیا کارانی تورکیا دەیان کەناڵ و ئاژانس و گۆڤارو رۆژنامە داخران، سەدان نوسەرو میدیاکار خرانە نێو زیندانەکانەوە. سەدان کارمەندو بەرپرسی دەوڵەت بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکران. لە ناوچە کوردنیشینەکانیشدا جەنگێکی خوێناوی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد بەرپا کرا. تەقینەوەی خوێناوی، کوشتنی بە کۆمەڵ، خەڵکی تورکیای گەڕاندەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان. هەموو ئەم هەنگاوانە لە زاری خودی ئەردۆگان و داودئۆغلۆ بە ئاشکرا گوزارشتیان لێدەکرا ( یان ئاک پارتی یان جەنگی خوێناوی و ئاشوب). بێگومان مرۆڤی سادەی تورکیا ئەگەر بخرێتە نێوان تەنها ئەو دوو بژاردەیەوە ئەوە بێگومان لە ترسی گیانی خۆیی و ئایندەی نەوەکانیدا ناچار دەبێت دارە پیسەکە لە ناوەڕاستەوە هەڵبگرێت و دەنگ بە ئاک پارتی بدات.

بەرامبەر بەم سەرکەوتنەی ئاک پارتی بەرەیەکی بەهێز و تۆکمەی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا تەنها لەمپەر دەبێت بۆ رێگاگرتن لە هەنگاوە مەترسیدارەکانی داهاتووی ئەردۆگان. ئایا جەهەپەو هادەپ دەتوانن ئەو بەرەیە پێکەوە بنیات بنێن؟ من خۆم لەوباوەڕەدا نیم، بەڵام باجارێ راوەستین و تەماشا بکەین.