موساییەکان

نووسینی: میھرداد.ر.ئیزەدی

لەتورکییەوە: یوسف عزەدین

میھرداد.ر.ئیزەدی، تاماوەیەکی نزیکیش مامۆستای مێژو و زمانە رۆژھەڵاتییەکانی زانکۆی ھارڤارد بووە.

نووسەر لیسانسی لەزانستی سیاسی و جوگرافیدا ھەیە.

بڕوانامەی ماجستێری لەگۆڕانکاری و رووداوە نێو نەتەوەییەکان و جوگرافیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە.

بڕوانامەی دکتۆراشی لەزانکۆی کۆڵۆمبیا دەرحەق بەتێزەکانی سەبارەت بەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پآ بەخشراوە.

لەکۆنگرێسی ئەمریکیدا سەبارەت بەمەسەلەی کورد، دوو جار بانگھێشت کراوەو گوآ لەڕاوبۆچوونەکانی گیراوە.

بابەت و وتارێکی زۆری لەم دوو رۆژنامەیەدا بڵاوکردۆتەوە:

Kurdish Times , Middle East Journal

ئەم کتێبەی ئامادەیە بۆ چاپ بەناوی:

A basic of the land and people of Kurdistan

دووھەزار و ھەشت سەد سالڕ لەمەوپێش و بەپێی ئاماژەکانی تەلموود، جوولەکەکان لەلایەن "شەلمانەسەر"ی سەرکردەی ئاشوورییەکانەوە بەرەو کوردستان راگوێزراون و کوردە جوولەکەکان بەبنەچە دەچنەوە سەر ھەردوو خێڵی ونبووی جوولەکە... سەرجەم ژمارەی خێڵە جوولەکەکانیش لەبنەڕەتدا دوانزە خێڵەو بەونبوونی دوو خێڵی، دە خێڵی دەمێنێتەوە.

بەحوکمی وابەستە نەبوونی کورد بەڕێبازێکی ئایینییەوە حاخامەکانی جوولەکە زۆر بەباشی توانیوویانە پەیامی موسا لەنێو کورداندا بڵاوبکەنەوە.

لەو سەردەمەدا شاری ھەولێر ناوی"ئادیابێنە" بووەو لەلایەن شازادەکانی کوردەوە حوکمڕانی کراوەو لەسەد ساڵی "پ.ز" دا ژمارەیەکی زۆریان لەجوولەکە لەھەولێردا جێکردۆتەوە.

شازادەی ئەو دەمەی کورد"مۆناباژ" یان رەنگە"ماگۆبادج" بووبێت و شاژنیش ناوی ھێلینا بووەو ھەر لەو دەمەدا باوەڕیان بەپەیامی موسا ھێناوەو لەو ڕووەشەوە دەستپێشکەربوون و دواتریش لەناوچەکەدا، لەکوردستانی ناوەڕاستدا بەتەوژم گوڕێکی بێ وێنە بڵاوبۆتەوە.

یەھود بەزمانی عیبری یەھودای پێ دەگوترێت و ناوی شارێکی جوولەکەکان بووە واتە"یەھودییە"و شایانی باسیشە لەلایەن ڕۆمانەکانەوە چ

یەھودییەو چ شاری ساماریا کەلەمڕۆدا بە"سەباستیلا" ناسراوە، داگیرکراوە.

کوردەکانی ئادیابێنە"ھەولێر" بەمەبەستی فریاکەوتنی جوولەکەکان، سەرباز و ئەرزاق و تفاق و کەل و پەلیان بۆ ناردوون. بەپێی راوبۆچوونی مێژوونووسی جوولەکە "جۆزیف فلاڤیۆس" کوردەکان پشتگیری و ھاریکاری جوولەکەکانیان کردووەو بەتەنگ جوولەکە نەدار و ھەژارەکانی ئەو دەمەوە ھاتوون و لەسوریاو میسرەوە بەپارەی خۆیان دانەوێڵەو کەلوپەلی پێویستیان بۆ کڕیون و لەلایەن شاژنی ئەو دەمی کوردانەوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بەسەر جوولەکەکاندا دابەشکراوە.. چ ھێلیناو چ کوردە ئەریستۆکراتەکانی ھەولێر بەشداری پڕۆژە ئاوەدانییەکانی شاری قودس و شاری یەھودییە-یان کردووەو بەپێی ئاماژەکردنەکانی"ئۆسیبۆس": ( ھێشتاکە شوێنەواری شاکارەکانی ھێلینا لەقودس و دەورووبەریدا دەبینرێتەوە).

لەوەش گرنگتر بەشداریکردنی کورد بووە شانبەشانی جوولەکان لەبەرگریکردن لەشاری قودس، بەرامبەر بەھێزە شاڵاوھێنەرەکان بەسەرکردایەتی "تیتۆس"و "ڤێسپاسیان" کەدیارە دواتر و لەساڵی حەفتاودووی زاینییدا، رۆمانەکان قودسیان داگیرکردو پەرستگەکەشیان فەرھود کردو ژمارەیەکی زۆری کوردیشیان بەدیل گرت و لەوانەش شازادە "ئیزاتێس"و ژمارەیەک لە ئەریستۆکراتەکانی کورد بوون، کەبەفیعلی لەبەرەکانی جەنگدا بەشداری و بەرگرییان لەشاری

قودس کردبوو، دیارە دواتر لەلایەن رۆمانەکانەوە بەدیلی و دەست و پێی زنجیرکراوەوە رەوانەی رۆما کران.

کورد لەم شەڕوجەنگەدا سەر و ماڵیان دانا، دەرئەنجامی پشتگیری و داکۆکی کردنی کوردەکان لەجوولەکە و بەرگری کردنیان لێیان زۆر خراپ بەسەر کورددا شکایەوەو مایەی سەرسامییە گەر بڵێین، لەئێستادا ھیچ کورد و جوولەکەیەک زانیاری بەرامبەر بەم رووداوە مێژووییە نییە.

مەسیحییەت لە ٤٠٠-٥٠٠پ.ز لەئادیابێنە دەستی بەبڵاوبوونەوە کردووە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا کوردە جوولەکەکانی کوردستان تا ناوەڕاستی چەرخی "٢٠"و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل-یش وەک گەلە کۆمەڵێکی یەکانگیر و پتەو و قەرەباڵغ مانەوە. کوردە جوولەکەکان لەماڵەوەو پەرستگەکانیاندا"سیناگۆک" بەئارامی کۆن"ئاشووری" دەدوێن و لەبازاڕ و دەرەوەشدا بەکوردی.. چەشنی گوزەران و داب و نەریتی کورد و جوولەکە بەشێوەیەکی بەرچاو یەکانگیر و تێکچڕژاوە.

لەساڵی ١١٧٠دا "تودێلا بینجامین" کەگەڕیدەیەکی جوولەکە بووەو لەگەشتێکی بۆ کوردستانداو تەنھا لەناوچەی ھەولێردا سەد بنەماڵەی جوولەکەی کەوتۆتە بەرچاو، لەشارۆچکەی ئامێدی-یشدا بیست و پێنج ھەزار ھاوڵاتی جوولەکەی سەرژمێرکردووەو لەنێو کوردە جوولەکەکاندا جێگەو شوێنێکی دیار و سەربەستییەکی بەرچاوی ھەبووە.

شایانی باسیشە لەنێوان ساڵانی ١٧٤٢-١٨٣١زۆر لەکۆمەڵەجوولەکەکان بەھۆی بڵاوبوونەوەی چەند پەتایەکی کوشندەو ترسناکەوە، بەتەواوی کەوتنە بەر شاڵاوی کاریگەری ئەو نەخۆشییانەوەو بەمەش رێژەیەکی زۆریان گیانیان لەدەستداو لەناوچوون.. دواتر بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کەلەئەنجامی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری جوولەکەکاندا ھاتبووە مەیدان، کوردە جوولەکەکان کەدووچاری ئەو نەخۆشیانە نەبووبوون، پێ بەپآ جێگەو شوێنی ئەو جوولەکانەیان پڕکردەوەو دواتریش ئەو جوولەکانەیان لێکەوتەوە کەبە"بابلی"یان"عێراقی" ناسراون.. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی کەکوردە جوولەکەکان بەریشە ناچنەوە سەر عەرەب، بەڵکو دەچنەوە سەر ریشەی کوردو ئارامی نوآ، ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی کەرەنگ و بۆی جوولەکانی عێراق وێکچوو بێت لەگەلڕ رەنگ و بۆی کورددا.. لەئێستاشدا ئەو جوولەکانەی کەبە"بەغدادی"یان"بابلی" ناسراون، لەراستیداو زۆر ئیحتیمالە کەھەموویان کورد بن.

"داڤید ساسۆن" کوڕی " شێخ ساسۆن ساڵح"ەو یەکێکە لەو کوردە جوولەکانەی بەغدا کەلەساڵی ١٨٢٨دا خۆی و خێزانی لەڕێگەی ئێرانەوە چوونە بۆمبایو پاشان شەنگەھای و دواتریش سان فرانسیسکۆ.. بنەماڵەی "داڤید ساسۆن" سەر بەعەشیرەتی "ساسۆن"ساسان"ی کوردن. بنەماڵەی ساسۆن لەبەغدا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل-دا قوتابخانەی "ئەلیەنس ئیسرائیلییەت یونیڤێرسالڕ"یان کردەوە..پاشان لە "کرماشان و ھەمەدان و خانەقین و ھەولێر و کەرکووک"دا ھامان چەشنە قوتابخانەیان دامەزراند.

بەکردنەوی کۆلێژی "ئالبێرت...ساسۆن"یش لەبەغدا ھەوڵ و تەقەلاکانیان گەیشتە پلەی باڵاو بووە مایەی کەڵک و سوود وەرگرتنی کوردە جوولەکەکان.

لەناو خەڵکدا قوتابخانەکەیان بەقوتابخانەی یەکگرتوو ناسراوبوو، چونکە لەوەرگرتنی قوتابیدا سەیری ئەسڵ و فەسڵی ئایینی نەدەکرا و ھاوپەیمانێتی ئیسرائیل-یش کۆمەکێکی تەواوی کۆلێژەکەی دەکرد، پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨داو تا ماوەیەکی کەم لەخزمەتکردندا بەردەوام بوون و دواتریش قەدەغەکران.

لەجەنگی جیھانی یەکەمدا، سەرتاپای کوردستان بووە گۆڕەپانی جەنگ و ئەمەش بووە مایەی کوشتن و تێداچوونی سەدان کورد.. بەناچاری ژمارەیەکی زۆری کوردە جوولەکەکان کوردستانیان جێھێشت و روویانکردە شارە گەورەکانی وەک بەغداو ئەستانبوول و تاران و لەساڵی ١٩١٩دا بۆ یەکەمجار گرووپی "کۆمەڵەی ئازادی جوولەکەیان" دامەزراندو لەلایەن کوردە جوولەکەکانیشەوە پشتگیری لێکراو بۆ یەکەمجار "حسقل ساسۆن" وەک کوردە جوولەکەیەک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لەساڵی ١٩٢٠دا کرایە وەزیری دارایی و لەساڵەکانی ١٩٢٥-١٩٢٨یشدا نوێنەری کوردە جوولەکەکانی ئێران و وەک ئەندامێک لەپەرلەمانی ئێران-دا دەست بەکاربوو.. لەھەمان کاتیشدا لەعێراق پێنج جوولەکە بوونە ئەندام پەرلەمان و لەوانەش دوانیان کوردە جوولەکە بوون.. گەرچی لەو دەمەدا مێژووی کوردە جوولەکەکان درەوشاوە دەکەوتە بەرچاو بەڵام بەداخەوە تەنھا سپێدەیەک بوو لەمێژوویاندا!؟

لەساڵی ١٩٣٤دا چ لەتورکیاو چ لەعێراق-دا نیشانەکانی دژایەتی کردنی جوولەکە بەئاشکرا دەکەوتە بەرچاو و لەژێر گوشاری تورکیادا، ژمارەیەکی زۆر لەکوردە جوولەکەکان بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچیان کردو لەساڵی ١٩٤١یشدا لەشارە عەرەبنشینەکانی عێراق-دا دەستکرا بە راونان و کوشتنی جوولەکە، بەڵام لەھیچ کاتێکدا لە کوردستانی عێراق-دا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەچوو و ھیچ جوولەکەیەکیش نەکوژرا.

لەساڵی ١٩٤٢دا چالاکییەکانی "سیۆنیست" ھەموو ناوچەکانی گرتبووەو مەشقی سەربازی و زمانی عیبریان فێری جوولەکەکانی عێراق دەکرد، سەرباری پتەوکردنی ویستی گەڕانەوە بۆ "ئەرزولمەوعود".

گەرچی جوولەکەکانی تورکیاو ئێران ویستی گەڕانەوەیان بێھێز و لاواز بوو.. لەساڵی ١٩٤٦"یەکێتی عەرەب" بانگەوازێکی دژی چالاکی "سیۆنیستەکان" بڵاوکردەوەو ئازادی ھاتووچۆ و گەڕان و ھەڵسووڕانیانی قەدەغەکرد.

پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل-یش، رێژەی زوڵم و زۆر دەرحەق بەجوولەکەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردو پرۆسەی کوشتن و لەناوبردنیشیان بووە مایەی کۆچکردنی بەکۆمەڵیان بۆ ئیسرائیل و تەنھا لەکوردستانی عێراق-وە ھەشتا ھەزار کوردە جوولەکە روویانکردە ئیسرائیل و ژمارەی سەرجەم جوولەکە کۆچکردووەکانی عێراق-یش سەد و سی و چوار ھەزار کەس بووە.

لەساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩دا پاش گۆڕانی رژێمی ئێرانی دە ھەزار کوردە جوولەکە لەکوردستانەوە"سەرجەم چل ھەزار جوولەکە" ئێرانیان جێھێشت و روویانکردە ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا.

گەرچی لەسەردەمێکدا کوردە جوولەکەکان بەشێوەیەکی دیار لەھەموو ناوچەکانی کوردستاندا ھەبوون و دەگوزەران، بەڵام لەئێستادا بەداخەوە تەنھا پێنج ھەزار جوولەکە لەکوردستاندا ماون.. مایەی سەرسووڕمانە گەر بڵێین: تا ئێستا کوردە جوولەکەکانی ئیسرائیل پێکەوەو لەگەڕەکی تایبەت بەخۆیان ژیان دەبەنە سەرو یادی ھەموو جەژنەکانی کورد دەکەنەوەو ھەموو داب و نەریتێکی کوردو کەلتوور و فەرھەنگیان پاراستووە، ئەمە بێجگە لەمیوزیکی کوردی کەجێگەیەکی تایبەتی ھەیە لای کوردە جوولەکەکان و بەشێوەیەکی رێک و پێک و ھەروەک خۆی پارێزراوە. لەکۆتاییشدا بەپێویستی دەزانم کەئاماژە بۆ ئەو پێغەمبەرانە بکەم کەناویان لەکتێبی پیرۆزدا ھاتووەو نزرگەکانیان لەکوردستاندایە وەک: "جۆناح-نەبی یونس" گۆڕەکەی دەکەوێتە موسڵی کۆنەوەو "دانیالڕ" لەکەرکوک و "عازەر" لەھەولێر.

زۆر لەو ئەشکەوتانەی کەلەسەردەمێکدا پێغەمبەرەکان روویان تێکردووە، بەپیرۆز دەزانرێن و تا ئێستاش نەک تەنھا لای جوولەکەکان، بەڵکو لای مەسیحی و موسڵمانەکانیش سیمبۆلێکی ئایینی و بەھایەکی مەعنەوییە.

دوا نموونەش سەبارەت بەشوێنە پیرۆزە ھاوبەشەکانی نێوان جوولەکەکان و مەسیحییەکان و موسڵمانەکان و یەزدانییەکان کەبەپێویستی دەزانم لێرەدا بیخەمەڕوو، "گۆمی ئیبراھیم"ە لە"ئورفا" حەوزێکی لاکێشە ئاسای ناوازەو درێژ لەناوەڕاستیدا دەبینرێت و دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی کۆن و "ئیبراھیم" بەباوکی نەتەوە جیاجیاکان لەقەڵەم دەدرێت. "گۆمی ئیبراھیم"یش ئەو شوێنەیە کە"نەمرود" ویستی "ئیبراھیم"ی تێدا بسووتێنێت کەدیارە دواتر و وەک موعجیزەیەک ئاو لەبن عەردەوە ھەڵدەقوڵێت و "ئیبراھیم" رزگار دەکات و لەئێستاشدا "گۆمی ئیبراھیم"ەو ژمارەیەکی زۆر ماسی "سازان" لەگۆمەکەدا بەسەربەستی مەلە دەکەن و لەلایەن خەڵکییەوە خۆراکیان دەدرێتآ و بەھیچ شێوەیەکیش راو ناکرێن.. چونکە باوەڕ و قەناعەتێکی تەواویان بەوە ھەیە کەگوایە ھەر کەسێک لەو ماسییانە بخوات کوێر دەبێت.

ژێدەر:

Kurtler\Mehrdad.R.Izadi\Doz Yaynlar\istanbul\٢٠٠٤

e.mail: ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it