کورتە بەراییەکی ئاراوتەیی

نووسینی: یوسف عزەدین

( تا ئەو دەمەی کەسێک لێی نەپرسیووم، کات چییە؟ دەزانم کات چییە.. بەڵام ھەر کاتێک، کەسێک داوای شیکارکردنی ماھییەتی کاتم لێبکات، ئەو دەم دەبینم نازانم کات چییە؟!).

- ڤیتگنشتاین-

ھەردەم و ھەمیشە ئێمەی خوێنەر، بەتایبەت گەر ڕاگوزەر و سەرپێیانە نەخوێنینەوە، دەبینین لەبەردەم دووڕیان، یان چەند ڕیانی ڕێگەو ڕێچکەیەکی جوداو جیاوازی وردەکاری شتگەلێکدا ڕاوەستاوین، کەناشێت بەدەر لەوان لەمیانی خوێندنەوەوە گوزەر بەنێو دنیای ئاڵۆز یان سادەو ساکار و قووڵی تێکستە جیدی و زیندووەکاندا بکەین، ئەو تێکستانەی کە زیاد لەشوێنجێگە و جومگە و پەرەگراف و بڕگەو دەستەواژەو گوزارشت و دەربڕین و وردەکارییەکی خوڵقێنەری جوداو جیای بەکارھێنراوی نێویاندا، ناچاری ڕاوەستان و تێڕامانمان دەکەن.

ئەم تێڕامان و ڕاوەستان و ھەڵوێستەکردنەشمان بەبآ بوونی زمانێکی فامکراو لەڕووی حاڵیبوونەوە، ئاستەمە بێتەدی و ڕووبدات.. واتە گەر تێکستێکی نائاشنا و نامۆ لەڕووی زمانەوە، لەلایەن خوێنەرێکی بەڵەد و شارەزای زمانەکەوە، پەرەگرافێکی یاخود تەنھا وشەیەکی نێویشی، نەک تەنھا جارێک، بەڵکو گەر بآ پسانەوەو ھەدادان، دووبارەو سآ بارەو چەند جارە بخوێنرێتەوە، ئەوا تێگەیشتنە زەینییەکانمان بەرەو واتایەکی دیاریکراو نابات و دوور و نزیک نازانین چی دەڵێت!؟

( ھەر بۆیە لەم سۆنگەیەوە پەی بەزەروورەتی وەرگێڕان دەبرێت، کەھەر لەکۆنەوە مرۆڤ پەنای بۆ بردووەو بگرە زۆر جاران و پاش ونبوونی تێکستە ئەسڵییەکانیش، نوسخە وەرگێڕدراوەکانیان بوونەتە ئەڵتەرناتیڤ و جارێکی تر وەرگێڕدراونەتەوە بۆ سەر زمانە ئەسڵییەکانیان، وەک لەھەندێک لەتێکستە لاتینی و گریکییەکاندا ڕوویدا، پاش ئەوەی لەلایەن وەرگێڕە موسڵمانەکانەوە کرابوونە عەرەبی، دوای دیارنەمانی نوسخە ئەسڵییەکانیان جارێکی دی و لەڕۆژگارێکدا لەعەرەبییەوە کرانەوە لاتینی و زمانەکانی تر.. ئەم کردەیەش بۆ خۆی واتایەکی زۆر قوولڕ دەگرێتە خۆی؟!).

مەولانا" جەلالەددینی ڕوومی" لەکتێبی" فیھی ما فیھی"دا دەڵێت:

" ڕووەک گەر ئاوی لێببردڕێت، ھەرچەند ناشزانێت کەتینوویەتی بەڵام ووشک دەبێت".

واتە بەدەر لەدرککردن و زانینی ماھییەتی تینوویەتی، ئاو بڕین لە ھەر ڕووەکێکی دیاریکراو، بآ ھیچ چەند و چوونێک دەبێتە مایەی وشک بوون و کۆتایی ھاتنی سووڕی ژیانی.. ئەم پێوەندییەی مابەینی ئاو و ڕووەک، وەک پێوەندی تێکست و زمان وایە، ئاستەمە بیر لە وجوودی تێکستێکی دەرەوەی جوغزەکانی زمان بکەینەوە، تەنانەت "ئیمەیجینەیشن" و دنیای وێنە زەینییەکانیش، بەبآ ڕاڤەکاریی و گوزارشت و بوونی دەستەواژە زمانەوانییەکان، ھیچ جێگەیەکی لەھۆشمەندی توخم و ڕەگەزی مرۆڤدا نابێتەوە، بەواتای حاڵیبوونێکی گشتگیری ھەمەلایەنەی فامکراو.. ئەگینا ڕەنگە تەنھا وەک کۆمەڵێک سیمبۆل و ڕەمز، بۆی ھەبێت لەزەیندا بەدەر لەواتە بنەڕەتییەکانی جێی ببێتەوە؟!

لەڕێی نووسینەوە زمان دەبێتە پردی ھێنانە ناوەوەی سەرجەم چەمک و دنیابینی و تێڕوانین و مەعریفەو سەرجەم شتگەلە لێکچوو و نالێکچووەکان، دژ و تەباکان، ئاسایی و نائاسایی و...تاد، بۆ نێو دنیای تێکست.. ھەر بۆیە بەشێوەیەک لەشێوەکان، تێکست نەک ھەر لەسەرەتاوە دەبێتە لەخۆگر و ھەڵگری کۆمەڵێک شت، بەڵکو دەشبێتە ئەڵتەرناتیڤی ھەموو ئەو شتانەی کەبەئاشکراو ڕوونی یان بەپەنھانی و ناڕوونی لەنێو تێکستدا بوونیان ھەیە.

ئەو تێکستەی کەبآ بوونی زمان بوونی نییە و لەیەکەم تێڕوانیندا وا پێدەچێت، بەندەیەکی گوێڕایەڵی زمان بێت، بەڵام خودی زمان لەژێر سایەو دەسەڵاتی ئەرشیفدا"ئەرشیف بەواتای ئاوێتەبوونی ڕووکەشیانەی پرەنسیپە فیزیایی و مێژووییەکان لەگەلڕ پرەنسیپە ئەنتۆلۆژییەکاندا" ، لەمیانی گوتن یان نووسینەوەدا، توانای بەرھەمھێنانی مەعریفەی ھەیەو ھەموو ئەمانەو شتگەلێکی دیکەش، بۆ نموونە لە دیدگەی بیرمەندێکی وەک"ژاک دریدا"ەوە دەبێت تەفکیک بکرێن و ئەمە جگە لەوەی بەتێڕوانینی ئەو، بەبآ بوونی "تارماییەکان" "ئەرشیف" بوونی نییەو بەتایبەتیش ئەو کەسایەتییانەی لەڕێی زمانی تێکستەوە، دەبنە دەسەڵاتێکی تایبەت و لەمیانی ماجەراو بەسەرھاتی ژیانی خۆشیانەوە ھەوڵی گۆڕینی ژیانمان دەدەن.

 

 

 

"حافزی شیرازی" دەڵێت:

( جارێکیان لەئوستادەکەی خۆمم پرسی:

چییە فەرقی

مابەینی من و تۆ

گوتی:

تەنھا ھێندەیە حافز

گەر ڕەوێک حەیوانی کێوی

بێنە ناو ماڵی تۆ و

خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانی دەرۆزەییت

تەنھا یەک دڵۆپیش

ناڕ ژێت

لەکاسەی تۆ.

بەڵام ئەوەی کەنابینرێت بەچاو

ئەوەیە کەخودا لەکاسەکەی منی ناوە

گەر بڕژێت کاسەم

دەبات ھەموو دنیا

سێڵاوی ئاو).

 

پۆپیولار کردنی ھەندێک لەنووسەرەکانی دنیا و ھالە بۆ دروستکردنیان، زۆرجاران ھێندەی پەیوەستە بەداواکارییە بازرگانییەکانی پڕفرۆشی و خستنەگەڕی بازاڕی کتێب، یان پەیوەستە بەمەرامە پۆلیتیکی و مەبەستە جیاجیاکانی دیکەی ئەم دەزگا و ھێز و ئەو دەسەڵاتی دنیاوە، ھێندە پەیوەست نییە بەو جدییەت و توانستانەی لەنێو دنیای تێکستدا دەگوزەرێت.. واتە حافز گوتەنی:

" گەر ڕەوێک حەیوانی کێوی

بێنە ناو ماڵی تۆ و

خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانی دەرۆزەییت

تەنھا یەک دڵۆپیش

ناڕ ژێت

لەکاسەی تۆ"

بێگوومان تێکستی زۆرێک لەو نووسەرانەی لەڕۆژگارێکدا دنیا بەعەزەمەتەوە ناسیوونی و بەشەوقەوە خوێنراونەتەوە، لەمڕۆدا ھەست بەبەتاڵی کاسەیان دەکرێت، ھەربۆیە نووسەرێکی لەمڕۆدا گەورەکراو و ھەردەم ڕیکلام بۆکراوی وەک" ئۆرھان پامووک" لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:

"دەترسم لەداھاتوودا نەخوێنرێمەوەو لەبیر بکرێم" و لەدرێژەی گفتوگۆکەیدا ئاماژە بەنووسەرێکی ناسراوی وەک"راسیم جەمیل" دەکات، کەلەسەردەمی عوسمانییەکاندا یەکێک بووە لەنووسەرە پۆپویلارەکانی سەردەمەکەی خۆی، کەچی لەمڕۆدا خوێنەران دوور و نزیک تالیبی خوێندنەوەی نووسینەکانی نین و بەفەرامۆشییان سپاردووە، لەکاتێکدا بەشەوقەوە لەنێو ئەرشیفی لەبیرکراوی ئەدەبیاتی ئەو زەمانەی عوسمانییەکاندا، تێکستە پەراوێزخراوەکانی ئەو دەمە کەشف دەکرێن و بەتاسەوە خوێنەرە جیدییەکانی ئەم سەردەمە، خەریکی خوێندنەوەی تێکستە لەبیرکراوەکانی ئەو ڕۆژگارەن!؟

"ڕۆلان بارت" ئاماژە بەوحەقیقەتە دەدات، کە "دانەر" زادەی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایەو پاش چەرخەکانی ناوەڕاست ھێدی ھێدی بەرجەستە بووە، ئەمەش بەکاریگەری ئەقڵانییەتی فەڕەنسی و باوەڕی تاکگەرایی و ڕێبازە ئەزموونگەرا ئینگلیزییەکان و ڕیفۆرمە ئاینییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی تر و بەتایبەتیش کاریگەری ھاتنەکایەی سیستەمی کاپیتالیستی.

"ڕۆلان بارت" ئاماژە بەوە دەدات کە"مالارمآ" یەکەمین کەسێک بووە، پێی وابووە لەتێکستدا ئەوەی دەدوآ زمانە، نەک دانەر. دواتریش "ڤالێری" پەرە بەم تێورییەی "مالارمآ" دەدات و تا دەیگەیەنێتە ئەو شوێنەی "دانەر" تێیدا دەبێتە ڕابردوو، چونکە ئەو تەنھا لەساتەوەختی لەدایک بوونی تێکستدا ھەیە، ئەمە جگە لەوەی لای "بارت" "دانەر" کۆپیکەری تێکستە لەتێکستێک یان چەند تێکستێکی پێشووتر.

شایانی باسە سەرجەم خوێندنەوە سیمۆلۆژییەکان، خوێنەر دەکەنە دروستکەری تێکست. بەڵام لەھەندێک لێتۆژینەوە و لێکۆڵینەوەی سێکچرالیستیدا، خوێنەریش پشتگوآ دەخرێت.. تێڕوانینی"ژاک دریدا"ش، ئەوەیە کەتێکست ئامێرێکی سەربەخۆیەو بۆ خۆی کاردەکات، ھەر بۆیە خۆی گوتەتی:

"ھیچ شتێک لەدەرەوەی تێکستدا نییە".

ئیدی وەک ساڵانێک لەمەو پێش، لەھەندێک شوێندا ئاماژەم پێداوە، "ژاک دریدا" لەلێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بەتێکستی" دادگایی" ،"کافکا"، سآ گۆشە نیگای تەفکیکی بەکارھێناوە، یەکێکیان کاریگەری "ناونیشانی تێکست"ەکەیە بەسەر خودی تێکستەکەوە، ئەمە تابڵێی جۆرە کارکردنێکی گرنگ و ناوازەیە.

 

بەھەر حاڵ جودایی تێکست و دانەر وەک کەسایەتی و ژیانی تایبەتی و ئیگۆی، دەشێت لەنموونەی نووسەرێکی وەک"سیلین"دا ببینینەوە، بەتایبەت ئەم نووسەرە، ھێشتاکە چاپکردنی کتێبەکانی لەھەندێک لەوڵاتانی دنیادا"، قەدەغەو ڕێگەپێنەدراوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی"سەفەر لەکۆتایی شەودا"، بەزمانی عیبری، مشتومڕێکی زۆر لەپەرلەمانی ئیسرائیلیدا لێکەوتەوە، چونکە تێکستەکانی "سیلین" بەشێک بوون لەدوشمنە سەرسەختەکانی سامییەت و یەھودییەت و خۆشی وەک زاتێک بەدرێژایی ژیانی و بەتایبەتیش پاش دووەمین جەنگی جیھانی، باجی ئەم ڕاوبۆچوونانەی خۆی داوەو ژیانێکی پڕ لەنەھامەتی و کێشمانکێش و بگرەو بەردەو ھەڵھاتنی نێوان ئەم وڵات و ئەو وڵاتی بردۆتە سەر، ئەمە سەرباری تاوانبارکردنی بەخیانەت و دەستگیرکردنی، کەپاش ساڵی ١٩٥١بەدواوە، توانی پاش دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوون لێی، بگەڕێتەوە بۆ "فەڕەنسا" ی زێد و نیشتیمانی، ئیدی لەماڵەکەی خۆیدا عیادەیەکی پزیشکی دادەنێت"لەبەر ئەوەی خودی نووسەر لەبنەڕەتدا پزیشک بووە" بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی خۆی و لەپاڵیشیدا بەردەوام دەبێت لەنووسین، تا لەساڵی"١٩٦١"دا دوا ڕۆمانی خۆی"ڕیکۆدۆن" تەواو دەکات و ھەر پاش یەک شەو لەتەواوکردنی ڕۆمانەکەی دەمرێت.

مەبەستمان لەخستنەڕووی ئەم پێشەکییە، ئەو ناکۆکییەیە کە لەتێکستەکانی دانەرێکدا دەبینرێت، کاتێک دنیابینی نێو تێکستەکانی دەیکەنە خائین و دوشمنی ھەندێک لەگروپە ئیتنیکییەکان و بەتایبەتیش سامییەت و یەھودییەت، بەڵام بۆخۆی و لەژیانی تایبەتی خۆیدا کەسێکی بێوەیی و بێ زیان بووە، ژنەکەی سەبارەت بە"سیلین" دەڵێت:

( پیاوێکی زۆر نەرم و نیان بوو، ھەرچییەکی کرد لەپێناو خێر و باشەدا بوو، ئەو فەڕەنساو ھەموو خەڵکی خۆش دەویست، زۆر لەوە بەسۆزتر و بەبەزەیتر بوو کەتەسەوور دەکرێت...).

 

لەگەرمەی بگرەو بەردەی گوزەران و ژیان لەلایەک و ڕۆچوون و ڕامان و تێفکرین و سەرقاڵبوونی تەواویشم بەپرۆژە خوێندنەوەیەکی چڕ و پڕی تاڕاددەیەک جیاواز لەلایەکی ترەوە..حیکایەتی نووسینی ئەم " کورتە بەراییە ئاراوتەییە"ی تایبەت بەم کۆمەڵە چیرۆکە وەرگێڕدراوە، لەپێوەندییەکی تەلەفۆنی برای بەڕێز، کاک "محەمەد عەبدوڵڵا"ەوە، وەرگێڕی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەوە دەستی پێکرد، سەرەتا بەڕێزی کەم تا زۆر باسی خواست و مەبەستی خۆی لەوەرگێڕانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا خستەڕوو، پاشان لەمیانی پێداویستی بوونی بەرایی و پێشەکی ناتەقلیدی و جوداو جیاواز بۆ ناساندنی ھەندێک مەسائیلی دنیای ئەدەبیات و وەرگێڕان، داواکار بوو لەبەندە کەلەماوەیەکی ھێجگار کورتدا، لەبەر ئامادەبوونی کتێبەکە بۆ دیزاین و چاپ، چ چیرۆکەکان بخوێنمەوەو چ بەراییەکیشی بۆ بنووسم،..ئیدی سەرباری ئەو سەرقاڵیی و جەنجاڵییە ناوەکیی و دوورە پەرێزییە ھەمیشەییەم لەنووسینی پێشەکی کتێب، بەڵام ھێزێکی ناوەکی ڕێگر بوو کەئەمیش وەک کۆمەڵێک برادەری تری ئەزیز، لەخۆم زوویر بکەم، بەتایبەت ئەوانەی کەلەم ماوەیەی بێدەنگبوون و کشانەوەیەمدا لەنووسین، پێوەندییان پێوەکردم بەمەبەستی وەڵامدانەوەی چاوپێکەوتن و بەشداربوون لەتەوەر، یان نووسینی ڕەخنەیی و وتار و تاد...کەبەڕاستی داوای لێبووردنیان لێدەکەم و ھیواخوازم لەڕیتمی ناوەکی و ئەم دوورە پەرێزییە زەمەنییەی من بگەن.

بەھەرحالڕ پاش خوێندنەوەی ھەردوو نوسخەی عەرەبی و کوردی چیرۆکەکان کەکاک "محەمەد عەبدوڵڵا" لەڕێی ئیمەیڵەوە بۆی ناردبووم ، ھەر زوو ئەو چیرۆکانەم ناسیوە کەپێشتر خوێندبوومەوە، یان تێکستی دیکەی نووسەرەکەیم خوێندبوویەوە، ھەرچەند زۆربەی چیرۆکەکان قسەو باس ھەڵدەگرن، بەڵام من وەک خۆم لەم "کورتە بەراییە ئاراوتەییە"دا، کەم تا زۆرو بەگشتی خۆم لەدنیای نووسینی دوو نووسەریان دەدەم، ئەوانیش " ھارۆکی مۆراکامی" و "یاسۆناری کاواباتا"ن.

ھەرچەند لەڕیزبەندی کۆمەڵە چیرۆکەکەدا، تێکستەکەی"ھارۆکی مۆراکامی" پێش "یاسۆناری کاواباتا" کەوتووە، بەڵام من لە" یاسۆناری کاواباتا" یان وەک زۆر جار دەنووسرێت" یاسۆناری کواباتا"ەوە دەست پێدەکەم.

" بازرگانییەکی کوشندە" ناوی چیرۆکە وەرگێڕدراوەکەی "کواباتا"یە و بەزمانێکی سادەو ساکار و کۆمەڵێک وەسف و کەرەستەی ڕیالیستی، ڕاماندەکێشێتە نێو دنیای کێشمانکێش و ململانێی کەسێکی دەروون پڕ ئێرەیی و حەسادەت کەدەکرێت کەبەکەسی دووەم ناوی بەرین، دەرحەق بەکەسێکی دیکەی بێئاگا لەگینگلڕ و ھەڵچوون و داچوونی ناخی ئەم، کەواباشە بەکەسی یەکەم ناوزەدبکرێت. ئیدی کەسی یەکەم کاتێک لەناوچەکەی خۆیداو بەمەبەستی قازانج و ڕاکێشانی توریستەکان ئاودەستێک دروست دەکات و دەبێتە مایەی قازانجکردنی ماددی بۆی، کەسی دووەم بەمە نیگەران دەبێت و ھەموو توانای خۆی لەمونافەسەو کێبڕکێی ئەوی تریاندا بەکاردەبات و دواجار ئاودەستێکی زۆر لەوەی ئەو گرنگتر لەڕووی ماتەریاڵی بنیادنانییەوە دروست دەکات، بەڵام کرێی چوونە ژوورەوەشی لەوەی تریان گرانتر دەبێت...

باواز لە وردەکارییەکانی تری گێڕانەوەی چیرۆکەکە بھێنین و بگەینە ئەو شوێنەی کە کەسی دووەم لەنێو ئاودەستی کەسی یەکەمدا وشک دەبێتەوەو دەمرێت، بەحەقیقەت کۆتاییەکی زۆر گاڵتەجارئامێزە کەسێک دەرئەنجامی ململانێ و کێبڕکێی لەگەلڕ یەکێکی تردا بۆ ئەوەی لەو باشتر بێت، کەچی دواجار لەنێو چوار دیواری ئاودەستێکدا وشک بێتەوەو بمرێت!؟

بۆیە دەبینین لەودیو ڕیالیست بوونی ئەم چیرۆکەوە دنیایەکی ڕەمزی سەرسامکەر ھەیە، چونکە مونافەسەو کێبڕکآ بۆ دروستکردنی ئاودەست و دواتر مردنی کەسی دووەم، پەیوەست نییە بەخودی ماتەریاڵە بەکارھاتووەکانی نێو تێکستەکەوەو ھەر بۆیە ئەنالیزێکی جیاوازو ناتەقلیدی گەرەکە، تابکرێت لەناوەوەی تێکستەکەوە تەفکیکییانە بێینەوە دەرو دەرئەنجامی بەئەنجام گەیاندنی کردەیەکی ھەڵوەشانەوەگەری بمانگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە"دانەر" بێئاگا بووە لێی.

دیارە ئەم تێکستە کورتەی "کواباتا" زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت کەبتوانین لەم دەرفەتەدا حەقی خۆی بدەینآ، بەڵام ئەوەی لای من بووە جێگەی سەرنج و ڕەنگە ھیچ پێوەندییەکیشی بە خودی چیرۆکەکەوە نەبێت، بۆ دەبێت ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی دیکەی ھێنابێتمەوە بیر، ئەویش چیرۆکێکی "خۆرخی لویس بۆرخیس"ە بەناوی " -المبارزە الاخری_"، سەرباری جیاوازییان پێدەچێت لەشوێن و جێگەیەکی زۆر نھێنییەوە ئاوێزان بن، نازانم ڕەنگە ئەمە تەنھا ھەستێکی من بێت، چونکە لەچیرۆکەکەی"بۆرخیس"دا دوو کاراکتەری دژ بەیەک ھەن و سەرەنجام پێکەوە, بەمەبەستی ئەنجامدانی دوا کێبڕکێیان بەناچاری و بەدەر لەویستی خۆیان، پاش سەربڕینیان گیان دەدەن و دەمرن، ھەرچەند یەکێکیان بەناوی "کاردوزو"، کەمێک لەوەی تریان زیاتر دەست درێژ دەکات و بەمەش دەبێتە براوە، بەڵام وەک لەکۆتایی چیرۆکەکەی "بۆرخیس"دا ئاماژەی پێدراوە:

" بەڵام ھیچ کاتێک نەیزانی".

لەم چیرۆکەی "کواباتا"شدا نەزانینێک ھەیە، بەڵام تەنھا لەلایەن کەسایەتی یەکەمەوەیە، چونکە ئەوەی دیکەیان دەزانێت و لەزانینەوە پیلان دادەنێت و ھەڵدەسووڕێت..بەڵام دواجار بەمەرگی یەکێکیان ئەوی دیکەیان دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و بەچەشنێک ھەر وەک ئەوەی ھیچ نەبووبێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ژنی کەسی دووەم لەڕێی ئاودەستەکەوە، وەک مێردەکەی نەکەوێتە ململانێ،کەواتە لەکاتێکدا چیرۆکەکەی "کواباتا" تەواو نابێت، بەڵام چیرۆکەکەی "بۆرخیس" لەئاست ئیدامەو بەردەوامی ڕووداودا تەواو دەبێت و تەنھا وەک حیکایەتێک دەمێنێتەوەو مەگەر لەدنیای گێڕانەوەکاندا بژێتەوە.

" یاسۆناری کواباتا" لەساڵی -١٩٦٨-دا خەڵاتی نۆبڵی پآ بەخشراو لەساڵی ١٩٧٢-شدا دوای خۆکوشتنی ھاوڕآ و قوتابی" یۆکیۆ میشیما" بەدوو سالڕ، بەبآ ئەو وەک ئەو ھیچ نامەیەک جآ بھێڵێت خۆی کوشت و خۆکوشتنەکەشی کردە لوغز.

لەبەرھەمەکانی و وەک نموونە:

( سەماکەری ئایزۆ)،( وڵاتی بەفر)، ( دەنگی چیا)، ( دەریاچە)، (ماڵی جوانکیلە خەوتووەکان)، ( جوانی و خەفەت)، ( پایتەختە کۆنەکە)... شایانی باسە(ماڵی جوانکیلە خەوتووەکان) ئەو تێکستەیە "گابریل گارسیا مارکیز"ی سەرسامکردووەو ئەمەو لێکچوونی شێوازی نووسینی ئەو دوو نووسەرە لەھەندێک شوێندا سەرنج ڕاکێشە، بەتایبەتیش ئەو مامەڵە سارد و سڕەی کە"کواباتا" لەگەلڕ پاڵەوانی تێکستەکانی دەیکات، نزیکە لەمامەڵەکردنە ساردو سڕەکانی "مارکیز" بەتایبەتی و نووسەرانی ئەمریکای لاتینیش بەگشتی؟!

"ئەمبێرتۆ ئیکۆ" لەکتێبی:

Sıx walks ın the fıctıonal woods دا دنیای تێکست بەدارستان دەشووبھێنێت، دارستانێک کەھەم دەمانخاتە ژێر کاریگەری سیحر و جادووی ئێستەتیکی خۆیەوەو ھەم ناڕەحەت و بێتاقەت و تەرەمان دەکات..دارستانێک کەھەم دەمانترسێنێت و ھەم کەویی و ڕاممان دەکات..لای "ئیکۆ" خوێندنەوەی تێکستە سەردییەکان ھاوشێوەی گەڕانە بەنێو دارستانێکدا، سەرباری ئەو جوداو جیاوازییەی ھەردوو دنیای واقیعی و سەردیی لێک جوودا دەکاتەوە، لەبەشی سێیەمی کتێبە ناوبراوەکەیدا" ئیکۆ" ئاماژە بە"جۆرج بیریک" ناوێک دەکات، کەلەپێناو حاڵیبوونی لە ماجەرا حەقیقییەکانی خودی واقیع، ھەوڵیداوە لەپشت جامی قاوەخانەو سووچ و پەنای کووچەو کۆڵانەوە، بڕوانێتە گۆڕەپانێکی پاریس و سەرجەم ڕووداو و ھەڵسووکەوتەکانی خەڵکی وەک خۆی تۆمار بکات..بەڵام ھێندە نابات ئەم زاتە توانا و بڕستی لێدەبڕێت و دەگاتە ئەو حەقیقەتەی کەھیچ شتێکی ھارمۆنی وشیاو و یەکانگیر لەواقیعدا ڕوونادات و واقیع زۆر لەوە فراوانترە چاو و ویژدانی تاکە کەسێک بیقۆزێتەوەو بیگرێتە خۆ.

 

 

سەبارەت بە "ھارۆکی مۆراکامی"یش، کەبەچیرۆکی "بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات" بۆتە سەرقافڵەی چیرۆکە وەرگێڕدراوەکانی نێو کۆمەڵە چیرۆکەکە..بەپێی پۆلێنکردنێکی "گاردیان" یەکێکە لەو ڕۆماننووسە باشانەی کەلەژیاندا ماوون و ئاشکراشە خەڵاتی "کافکا"ی بەرانبەر بە ڕۆمانی "کافکا لەکەنارە"ەی وەرگرت.

ناوبراو لەساڵی ١٩٤٩دا لەشاری کیۆتۆ لەدایک بووەو گەنجێتی لەوێدا بردۆتە سەر و بەشی دراما-شی لەزانکۆی"واسیدا"ی "تۆکیۆ"دا خوێندووە.

لەنووسینەکانی:

( گوێم لەدەنگی بەستەی بایە)، ( بینبالڕ)، ( کافکا لەکەنارە)، ( باشووری سنوور و ڕۆژئاوای خۆر)، ( سبوتنیکی خۆشەویست)، ( دارستانە نەرویژییەکە)و تاد...

لای "مۆراکامی" پێش کردەی نووسین، بیرکردنەوەیەکی بازرگانی و حیساب و کیتابی ڕاکێشانی زۆرترین ژمارەی خوێنەران دێت( کەواتە بەپێچەوانەی –بۆرخیس-ەوە کەکاتێک تەنھا چەند ژمارەیەک لەکتێبێکی دەفرۆشرێت، لەجێی ئەوەی زوویر بێت، شادمان دەبێت، چونکە دەزانێت، زۆری خوێنەر سەبارەت بەتێکستێک زیاتر جێگەی پرسیار و ھەڵوێستەکردنە، وەک لەبوونی کۆمەڵێک خوێنەری کەم و جیدی).

"مۆراکامی" لەپێناو ئیدامەدان بەکار وکەسابەتەکەی، ھیچ بەھاو پێودانگێک لای گرنگ نییە، چونکە لای ئەو ئامانج نووسینەو نووسینیش تەنھا کەسابەتێکی ماددییە کەتائێستا نووسەر گوزەرانی خۆیی لەمیانییەوە مسۆگەرکردووە، ھەر بۆیە لەچاوپێکەوتنێکیدا ، سەبارەت بەپرسیاری ھۆکاری بوونی ئەو ھەموو دیمەنە پۆرنۆگرافی و لادانە سێکسییانە لەڕۆمانەکانیدا، بەچەشنێک کەدەیانکاتە تەوەری سەرەکی.

لەوەڵامدا باس لەوە دەکات، کەئەو خوێنەرەکانی گەنجن و زیاتر تەمەنیان لەبیست ساڵان و ئەو دەورو بەرەدان...واتە لەوەڵامەکەیەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کەگرنگ نییە خوێنەر بۆ کوآ دەبەیت و چییان پآ دەڵێیت، گرنگ ئەوەیە چۆن لەدەوری نووسینەکانت خڕیان دەکەیتەوە، ئیدی چ شوێنێکی تێڕوانین و دنیابینییان وێران و خاپوور دەکەیت، لای مۆراکامی و ھاوشێوەکانی مەسەلەیەک نییە؟!

ھەر خودی "مۆراکامی" کاتێک (خەڵاتی باڵای ئەدەبی دەوڵەتی ئیسرائیل) لە ئازاری -٢٠٠٩-دا وەردەگرێت، لەسەرەتای وتارەکەیدا دەڵێت:

" ئێوارەتان باش، ئەمڕۆ وەک ڕۆماننووسێک ھاتوومەتە قودس،واتە رێکخەرێکی پرۆفیشنالڕ لەدرۆکردندا".

ڕۆمانی "کافکا لەکەنارە" یەکێکە لەڕۆمانە بەنامێکانی "مۆراکامی"و لەڕاستیدا لەنوسخە ژاپۆنییەکەیدا، "کافکا" بە "کافوکا" نووسراوەو دواتر لەوەرگێڕانەکاندا بووەتە"کافکا"، لەم ڕۆمانەشیدا وەک چیرۆکی"بۆقەکە ڕزگار دەکات"، ھەوڵی بەکارھێنانی فانتازیایەکی بابەتیانەی کافکاییانە دەدات، بەڵام ناتوانێت بەبآ تێکدانی شیرازەی ئیدامەی پێبدات و ھەر بۆیەشە لەچیرۆکی "بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات" لەسەرەتاوە کەمێک باشە، بەڵام ھێندە نابات دەبێتە فیلمی کارتۆن و ھاوشێوەی "گراندایزەر"و فیلمە کارتۆنییە ژاپۆنییەکانت بیردەخاتەوەو ھیچ جدییەتێکی فانتازیایی ھاوشێوەی ئەدەبیاتی سەردیی پێوە نامێنێت.

بۆ نموونە کاتێک "کافکا" لەھەوڵی چاپکردنی ڕۆمانی"مەسخ"دایە لەنامەیەکیدا بۆ بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو چاپخانەیەی کەقەولە ڕۆمانەکەی چاپبکات، زۆر پآ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کەوێنەی بەرگی ڕۆمانەکەی نەدرێتە دەست فڵانە بەرگساز و نیگارکێش، چونکە دەترسێت، وێنەی قالۆنچەیەکی بۆ بکات، لەپشت دەرگایەکەوە، لەکاتێکدا ئەندامانی خێزانەکەی لەم دیو دەرگاکەوەن و بەمەش دەبێتە وێنەیەکی کاریکاتێری گاڵتەجاڕئامێزو تاد... تەنانەت باس لەوەش دەکات، کەلەترسی ڕوودانی شتێکی وا، لەشەودا خەو نەچۆتە چاوی و بەبێداری ماوەتەوە.. خۆی سەیر لەوەدایە، گەر ئێستاش وێنەی بەرگی "مەسخ" بەنیگارکێشە بەرگسازەکان بسپێریت، بێگوومان، ھەر شتێکی ھاوشێوەی ئەوە دەکەن، کە کافکا لێی ترساوە، یان بابڵێین ھەر خوێنەرێکە ئاسایی، دەرئەنجامی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، زیاتر ئەو گۆڕانەی "گریگۆر سامسا"ی لا گرنگە کەدەبێتە قالۆنچە، لەکاتێکدا ئەم بە قالۆنچەبوونە لای "کافکا" وەک فانتازیایەکی بابەتی، ھیچ ماھییەتێکی کاریکاتێریی سەرزارەکی، یان ئۆبژێیەکی فانتازیایی بەزۆر دروستکراوی فیلمی کارتۆن ئامێز لەخۆناگرێت.

بەڵام "مۆراکامی" لەڕۆمانی" کافکا لەکەنارە"دا، بێ ھیچ ھۆکارێکی بابەتی یان لۆژیکی و ئیغتیرابی و تاد...لەپڕ دەکەوێتە بەرجەستەکردنی کەسایەتی خەیاڵی "میکی ماوس"ی "واڵت دیزنی"، ئەمە بێجگە لەدرێژکردنەوەی بێزارکەری وەسفکردنی ژەنەڕالڕ "ساندرز" و زۆر وردەکاریی بێمانای لەشیرازەدەرچووی دیکەی ھاوشێوەی نووسینە کرچ و کاڵ و بێتامەکانی "پاولۆ کۆھیلۆ".

گەر لەسەرەتاشەوە تێکستەکانی "مۆراکامی" بەجدییەتەوە ڕاتکێشنە نێو خۆیانەوە، بەڵام ھێندە نابات، دەسەڵاتی ئیمەیجینەیشن دەشێوێت، ھەرچەند ئەمە ڕەنگە لای خوێنەرێکی بابڵێین ئاسایی ھیچ گرنگییەکی نەبێت، وەک" ئیمبیرتۆ ئیکۆ"ش ئاماژەی پێدەدات:

( خوێنەری فیعلی ھەر کەسێکە، ھەموومانین..من و تۆ و ئێمە کاتێک تێکستێک دەخوێنینەوە، ئەم جۆرە خوێنەرە بەڕێگەی جیاوازدا دەخوێنێتەوە، ھیچ ڕێسا و یاسایەک نییە، شێوازێکی خوێندنەوەی تایبەتی بەسەردا بسەپێنێت، بەگشتی ئەم جۆرە خوێنەرە تێکست وەک شوێنی پڕکردنەوەی ئارەزوو و حەزە تایبەتییەکانی سەیر دەکات، کەپەیوەستە بەدنیایەکی جیاواز و بەدەر لەتێکست، کاریگەری تێکستیش لەسەری تەنھا وروژاندنییەتی بەشێوەیەکی کاتی)

بەڵام گرنگیدان و مەبەستی "ئیکۆ" خوێنەری "نموونەییە"، ھەروەک چۆن لای ئەو "نووسەری نموونەییش" ھەیە، کەھەردووکیان پێکەوە خوڵقێنەری تێکستی جیدین.

خوێنەری جیدی لای "ئیکۆ" بەشوێن شادەماری ستراتیژی تێکستدا وێڵەو ھەمیشە ھەوڵی تەئویل و کردنەوەی دەرکەکانی تێکست دەدات، ئەم جۆرە خوێنەرە ئارام و لەسەرەخۆ و ھەناسە درێژ و سەرسەختە، لەناو ڕیتمی تێکستدا ڕیتمێکی دۆزەرەوەو گەڕۆک و بزۆزی ھەیە..لەھەموو ئەم کردەیەشدا گەر ئەقلڕ، ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت، نابێت ئەوە لەیاد بکەین کەئەقلڕ ھیچ کاتێک کاملڕ نییە، ھەروەک نووسەری عاریف،" دکتۆر عەبدولکەریم سروش"، دەڵێت:

( ئەقلڕ خودا نییە و لەپلەی کەشف و دۆزینەوەی بابەتەکانداو چارەسەرکردنیاندا، توانایەکی سنووردار و دیاریکراوی ھەیە).

ماوەتەوە بڵیم، پێش ئەوەی بەتەوایی لەگەلڕ دنیای چیرۆکە وەرگێڕدراوەکاندا جێتان بھێڵم، دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، کەلێرەدا ھێندەی دەرفەت ھەبوو، ھەوڵمدا ھەندێک شت بورووژێنم، ئەگینا ئەوەی کەگوتوومە دوور و نزیک ناچێتە خانەی تەئویل، یان ڕاڤەکاری، یاخود خوێندنەوەی ڕەخنەکارانەو شتی لەو چەشنە؟!

***